مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا بڕوانامەى داهێنان و ڕێزلێنانی پێ دەبەخشرێت
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date حوزهیران 23, 2026
لە مەراسیمێکی شایستەدا کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٦/٢٠٢٦) لە هۆڵی مەراسیمەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو، دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕوانامەی ڕێزلێنانی بەخشییە پڕۆفیسۆر دکتۆر (عبدالإله ثابت محەمەد)، مامۆستا لە زانکۆی جیهان-هەولێر. ئەم ڕێزلێنانە وەک دەستخۆشییەک بوو لە پای بەدەستهێنان و تۆمارکردنی داهێنانێکی زانستیی ناوازە، کە وەک دەستکەوتێکی مەزن بۆ کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەژمار دەکرێت.
داهێنانە زانستییەکەى ئەو مامۆستایەى زانکۆى جیهان-هەولێر بریتییە لە دۆزینەوە و دروستکردنی “پاودەری سپیکردنەوەی ددان کە نانۆ ئۆکسایدی کالسیۆمی تێدایە“، کە بەرهەمی توێژینەوەیەکی هاوبەشی نێوان پڕۆفیسۆر دکتۆر (عبدالإله ثابت محەمەد) لە زانکۆی جیهان-هەولێر و م.د. (عەباس ئیبراهیم حوسێن) لە زانکۆی ئەنبارە. ئەم داهێنانە بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری عێراقی (COSQC) ى سەر بە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ بە ژمارەی بڕوانامەی (٦٨٢١) تۆمار کراوە، ئەمەش متمانەیەکی زانستیی جیهانی دەبەخشێتە بەرهەمەکە بۆ بەکارهێنان لە بواری پزیشکیی دداندا.
لە مەراسیمەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنانەکە لە لایەن دکتۆر (عەبدولسەلام عەتاڵڵا مەتلوب)، مامۆستا لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە نوێنەرایەتی داهێنەرەکە وەرگیرا. دکتۆر عەبدولسەلام کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی کیمیادا، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم دەستکەوتە دەربڕی و جەختی کردەوە کە زانکۆی جیهان-هەولێر هەمیشە ژینگەیەکی لەباری بۆ توێژەران فەراهەم کردووە تاوەکو بتوانن پڕۆژە داهێنەرەکانیان بگەیەننە ئاستی جێبەجێکردن.
ئەم سەرکەوتنە جارێکی دیکە پێگەی زانستیی زانکۆی جیهان-هەولێر دەسەلمێنێتەوە وەک ناوەندێکی پێشەنگ لە بەرهەمهێنانی مەعریفە و داهێنانی تەکنەلۆژی لەسەر ئاستی نیشتمانی.



