نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى لە ستراتیژى زانکۆى جیهان-هەولێر
زانکۆى جیهان-هەولێر لە ساڵى (2007) وەک یەکەمین زانکۆى تایبەت لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان کرایەوە، لە مێژووى دامەزراندنى تا ئەمڕۆ گەشەکردنێکى زۆرى چەندایەتى و چۆنایەتى بەخۆیەوە بینیووە، هەزاران فێرخوازى پێگەیاندوە، کە بەشێکیان ئەمڕۆ سەرکردایەتى کۆمەڵگە دەکەن و، ڕۆڵى کارایان لە بەڕێوەبردنى دامەزراوە نیشتیمانى و نەتەوەیی و حکومیەکان هەیە.
زانکۆى جیهان-هەولێر بەدیدێکى فراوانەوە لە ئایندە دەڕوانێ، بۆیە لەگەڵ بەردەوامبوونی فراوانبوونی ژمارەی کۆلێژەکان، بەردەوام گرنگى بەپەرەپێدان و نوێكردنەوەی مەنهەج و پرۆگرامەكانی خوێندن، فەراهەمكردنی كەشێكی ئەكادیمی بۆ پێشكەوتنی بوارە جۆراوجۆرەكانی زانست و مەعریفە و، ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی ئامانجدار بە كێشە و ژینگە و پێداویستیەکانى كۆمەڵگەکەمان دەدات.
لە بوارى پزیشکى و تەندروستیەکان، لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆلێژێکى تەکنیکى تەندروستى و کۆلێژى زانستى هەیە، کە (7) بەشى زانستى لەخۆگرتووە، ئەویش ئەمانەن (مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى، بایۆلۆجى پزیشکى، چارەسەرى سروشتى، شیکاریی کیمیایی پزیشکی، تەندروستى کۆمەڵ، نیوتریشن و دایەتێتیکس و زانستى تاقیگەى پزیشکى)، لەهەمانکاتدا لە هەوڵەکانى بەردەوامە بۆ کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى و کردنەوەى چەند بەشێکى دیکەى زانستى لە بوارى پزیشکى و تەندروستى، نەخۆشخانەى جیهانى فێرکاریش دەبێتە ژێرخانێکى گرنگى ئەو بەشە زانستیانە.
پلانى ستراتیژى زانکۆى جیهان-هەولێر لە بوارى پزیشکى و تەندروستی
- پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری مەعریفی و پەروەردەیی بەکوالێتیەکى بەرز.
- پەرەپێدانی سیستمی توێژینەوەی زانستی و داهێنان.
- بەهێزکردنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و هاوبەشی.
- چەسپاندنی بەهاکانی زانکۆ و پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندەکانی.
- ڕەخساندنى ژینگەیەکى زانکۆى بەهێز.
- بونیادنانى سیستمێکی بەهێز و مۆدێرینى بەڕێوەبردنی دامەزراوە تەندروستیەکان.
ئەرکە هەنووکەییەکانى زانکۆ
ئەرکە سەرەکی و لە پێشینەکانى زانکۆ لە بوارى تەندروستى و پزیشکى بریتین لە:
- گرنگیدان بە پەرەپێدان و پشتگیریکردنی پلان و بەرنامەکانی خوێندن؛ بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و کوالیتی زانستی و پەروەردەیی.
- ئامادەکردنی کادیرى لێهاتوویی زانستی تایبەتمەند لە پسپۆڕییە جیاوازەکانی پزیشکى و تەندروستى بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانی کۆمەڵگە.
- ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی ئاستبەرز و ڕەسەن پەیوەست بە کێشە ژینگەیی و تەندروستیەکانى کۆمەڵگە؛ لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری زانستی و پراکتیکی گونجاو.
- هاندانی ئەنجامدانى توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاکانى پزیشکى و تەندروستى.
- ئەنجامدانی خولی ڕاهێنانى ڕاهێنانى پیشەیی لە پسپۆڕییە جیاکان.
- دابینکردنى ژینگە و تاقیگەى زانستى بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕاهێنانی زانستی فێرخوازان لە نەخۆشخانە.
- چۆنیەتى پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی بۆ نەخۆشەکان و هەڵسەنگاندنیان بە باشترین شێوە.
نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى
نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى لە چوارچێوەى کەمپسى زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ڕووبەرى (44000,350) مەتر دووجا دروست دەکرێ، ڕووبەرى سەوزایی بریتیە لە (11,087) مەتر دوجا، هەروەک لە (14) نهۆم پێکهاتووە لەگەڵ نهۆمى ژێرزەمینى، کە تەرخانکراوە بۆ گەراجى ئۆتۆمبێل و لە یەککاتدا (385) ئۆتۆمبێل لە خۆدەگرێ، نهۆمەکانى دیکەش دابەش کراوە بەسەر نهۆمەکانى تایبەت بەدامەزراوەی پزیشکی، نهۆمی ژووری نەخۆشەکان، لەگەڵ نهۆمێکى تایبەت بەکاروبارى تەکنیکی، نەخۆشخانەکە (6) دەروازەى سەرەکى هەیە و، دەرگایەکى تایبەت دەبێت بەفێرخوازانى بەشە پزیشکى و تەندروستى و زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و ڕاستەوخۆ لە زانکۆ دەچنە نەخۆشخانەکە.
لە نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى (250) قەرەوێڵیدا، (13) هۆڵى نەشتەرگەرى و سێنتەرێکى گەورەى تاقیگەى پزیشکى و چەندین تاقیگەى لاوکى بۆ شیکار و دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکان لە خۆدەگرێ.
لەم نەخۆشخانەیەدا، بەشى هەر زۆرى وانە تیۆرى و پراکتیکیەکانى فێرخوازانى قۆناغە جیاکانى بەشەکانى پزیشکى و تەندروستى زانکۆى جیهان-هەولێر تێدا دەخوێندرێ و لە چوارچێوەى ژینگەى داهاتوى کارکردنیاندا ڕاهێنان بەفێرخوازان دەکرێ و پەرە بەتوانا و لێهاتویە زانستیەکانیان دەدرێ.