وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایی یەکەمبوون لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
بەبۆنەى بەدەستهێنانى پلەى یەکەم لەسەر ئاستى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان و عێراق، وەزارەتى خوێندنى باڵا پیرۆزبایی لە زانکۆی جیهان – هەولێر کرد.
بە بۆنەى بەدەستهێنانى پلەى یەکەم لە ڕیزبەندى تایمزى بەریتانى بۆ خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى عەرەبى Times Higher Education Arab University rankings 2023 لهسەر ئاستی زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایى لە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆى جیهان – هەولێر دەکات.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لە پیرۆزباییەکەدا؛ “دوپاتیدەکاتەوە ئەم دەستکەوتەى زانکۆى جیهان – ھەولێر نیشاندەرى ئەو ڕاستییە، کە زانکۆ تایبەتەکان لە ڕێگەى توێژینەوەکانیان هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەى شوێنى باشتر لە نەخشەى ئەکادیمیاى جیهاندا دەستەبەربکەن”، ڕونیشى دەکاتەوە “ئەم ئەنجامە کاریگەری ئەرێنى دروست دەکات لەسەر رەوتى پێشکەوتنى ئەکادیمی و ئاستى زانستى زانکۆکانى کوردستان بەگشتى و زانکۆ تایبەتەکان بەتایبەتی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان”.
لە کۆتای پیرۆزبایەکەیدا بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر؛ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى “پشتگیرى و پاڵپشتی بەردەوامى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ سەرجەم زانکۆکانى کوردستان بە حکومى و تایبەتەکان دوپاتدەکاتەوە، لەپێناو گەیشتینان بە پێگەى شایستەى خۆیان”.