فێرخوازانی بەشی چارەسەری سروشتی بە گەشتێکی زانستی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری بەسەر دەکەنەوە
سەرۆکایەتی بەشی چارەسەری سروشتی زانکۆی جیهان- هەولێر بۆ پەرەپێدانی لایەنی زانستی فێرخوازان و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی فێرخوازان گەشتێکی زانستی بۆ نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری بۆ فێرخوازان رێکخست.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٤/١١/٢٠٢٣) بە سەرپەرشتی مامۆستا اسماعیل محسن محمد، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی چارەسەری سروشتی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاریان بەسەر کردەوە، سەرەتا لەلایەن ماجد جوهر یابە بەڕێوەبەری بەشی چارەسەری سروشتی و، چارەسەرکاری سروشتی حسن حسین کاکەیی پێشوازیان لێکرا، سەرەتا کورتەیەکیان لەبارەی بەشی چارەسەری سروشتی و ئامێرەکانی تایبەت بە چارەسەری سروشتی بۆ فێرخوازان باسکرد.
پاشان فێرخوازانیان ئاشنای ئەو ئامێرانەکرد کە لە کاتی چارەسەری نەخۆش بەکاری دەهێنن، بۆ ئەوەش ماجد جوهر یابە وتیشی گرینگترین بەشی کارەکەتان بریتیە لە چۆنیەتی هەڵسوکەوتوو و قسەکردنتانە لەگەڵ نەخۆش.
فێرخوازانیش بە گرینگیەوە باسیان لە پێویستی ئەم جۆرە سەردانە زانستیانە کردەوە چونکە بەهۆیەوە دەرفەتی باشیان بۆ دەڕەخسێت لە بەدەست هێنانی زانیاری و بینینی نەخۆش و چۆنیەتی چارەسەرکردنی نەخۆش. پاشانیش فێرخوازان مشتومڕیان کرد لەسەر ئەو زانیاریانەی وەریان گرتبوو.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، وەڵامی هەموو پرسیارەکانی فێرخوازان درایەوە لەلایەن مامۆستای سەرپەرشتیار و تیمی نەخۆشخانە.