Back

فێرخوازانی بەشی چارەسەری سروشتی سەردانی سەنتەری هێلینا دەکەن

ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 11/10/2026، فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانی سەنتەری هێلینایان کرد.

لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر پەروین ئیسکەندەر حەمزە بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن دکتۆر هەژین تەڵعەت سامان پێشوازییان لێکرا، پاشان کورتەییەکی لەبارەی بەشەکانی سەنتەرەکە و خزمەتگوزارییەکانی سەرلەنوێ شیاوکردنەوە ،کە لە سەنتەرەکەیان دابین دەکڕێت پێشکەش  بە فێرخوازان کرد.

پاشان دەرفەت بە فێرخوازان درا لە نزیکەوە ئاشناى ڕاپەڕاندنى کارەکانى ڕۆژانەى سەنتەرەکە بن، بۆ ئەوەش فێرخوازان کۆمەڵێک بارودۆخی نەخۆشیان بینى بەتایبەت لە نێو منداڵان، لەوانەش ئیفلیجیی مێشک (CP)، دڕکەپەتکی کراوە (Spina Bifida)، دواکەوتنی گەشەکردن، نیشانەی داون (Down Syndrome)، ملخواربوونی زگماکی (Congenital Torticollis)، و تێکچوونەکانی دیکەی دەمارە-ڕستەیی.

لە میانەى بین و بەسەرکردنەوەى ئەو بارودۆخە جیاوازانە، ستافى سەنتەرەکە سروشتی هەریەکێکیان بۆ فێرخوازان شیکردەوە، لەگەڵ ئاماژەکردن بە ڕێگە چارەکان و چۆنیەتى مامەڵەکردن بە ڕێگەى چارەسەری سروشتی و، تەکنیکەکانی سەرلەنوێ شیاوکردنەوەیان بۆ فێرخوازان شیکردەوە .

لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان سەردانی بەشە جیاوازەکانی سەنتەرەکەیان کرد و، ئاشنای جۆرەکانی ئامێرە ئۆرتۆپیدییەکان (دەستکاریکەرەکان) و ئامرازە هاوکارەکانی بەکارهاتوو بۆ پاڵپشتیکردنی باری جەستە و باشترکردنی جووڵە و توانای ئەنجامدانی چالاکییە ڕۆژانەیییەکان بوون.