وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى: زانکۆى جیهان-هەولێر یەکێکە لە زانکۆ هەرە باشەکانى کوردستان
دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕووى کواڵیتى و پرۆگرام و بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى و کەمپس یەکێک لە زانکۆ هەر باشەکانى کوردستان، وتیشى دەرچوان خۆشبەختن کە لە زانکۆى جیهان-هەولێر خوێندیان تەواو کردوە.
ئەم وتانەى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێكیدا هات کە ئێوارەى ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٨/١٠/٢٠٢٣) لە ڕێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچوانى خولى سیانزدەیەمینى زانکۆى جیهان – هەولێر پێشکەشیکرد.
دەستپێکى ئاهەنگ
لەو ڕێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچونەدا، کە بە ئامادەبونى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو و تیایدا ژمارەیەک لە وەزیرەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان و فێرخوازان و کەسوکاری دەرچووان و لێپرسراوانى حکومى و حزبى ئامادەیبوون، چەند وتارێک بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرا.
ئاهەنگەکە، بەهاتنەژورەوەى ئەنجومەنى زانکۆ و، سەرۆک و دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان و ساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد، پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز خوێندرایەوە.
بەخێرهێنانى میوانان
لەو چوارچێوەیەدا سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا بەخێرهێنانى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی و وەزیرەکانى بازرگانى و پیشەسازى و، وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن و پارێزگارى هەولێر و، بەرپرسانى دامەزراوە دەستوریی و دەوڵەتیی و حکومیی و دبلۆماسیی و سیاسیی و حیزبیەکان و کەس و کارى دەرچووان و دەرچووان و مێوانان بۆ ڕێوەڕەسمی ئاهەنگی خولى سیازدەیەمینى دەرچووانی زانكۆی جیهان – هەولێر کرد.
بڕوانامەى بەکالۆریۆس بەخشرا بە(١٦٧٩) دەرچوو
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، پرۆیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: ئەمڕۆ زانكۆی جیهان – هەولێر بەشانازییەوە (928) دەرچوو لە (20 ) پسپۆڕى جیاواز بۆ ساڵى خوێندنی (2022-2021)، لەگەڵ (751) دەرچوو لە (21) پسپۆڕى جیاوازى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنی (2023-2022) کە بە زانست ومەعریفەى سەردەمیانە پەروەردەكراون، پێشكەشی نیشتمانەكەمانى دەکەین تا ڕۆڵیان پێ بدرێ و، بەشدارى لە پەرەپێدانى بونیادنانەوەى سەرخان و ژێرخانى ئایندەى کوردستان بکەن.
گەشەکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى
هەر لە وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە گەشەکردنى زانکۆکە کرد و وتى: زانکۆکەمان یەکەمین زانکۆی تایبەتە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق لە ساڵى (2007) کراوەتەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا گەشەسەندێکى زۆرى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى بەخۆیەوە بینووە، لە ڕووى چەندایەتیەوە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆى دایک چەند زانکۆیەکى دیکەى لە (هەولێر، سلێمانى و دهۆک) کردۆتەوە، لەسەر ئاستى بەشە زانستیەکانیشدا لە زانکۆى جیهاندا گەشەکردنێکى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە و، لە ئێستادا خاوەن (9) کۆلێژ و (27) بەشى زانستیە. لە ڕووى چۆنایەتیشەوە، زانکۆى جیهان-هەولێر لەماوەى تەمەنیدا کۆمەڵێک دەسکەوتى زانستى گەورەى بەدستهێناوە، هەر ئەوەش وایکردوە لە زۆربەى زۆرى ڕیزبەندییە نیشتیمانى و جیهانیەکان، کە بڵاودەکرێنەوە پێشەنگى زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بێت.
زانکۆى جیهان-هەولێر زیاتر لە (٧٠) ڕێککەوتنامە و لێکتێگەیشتنى زانستی واژۆ کردوە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ لایەنى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئەوەش وتى: لە پاڵ ئەوەى خاوەن ستافێکى زانستى بەئەزمون و داهێنەرە، لەهەمانکاتدا چەندین تاقیگەى زانستى سەردەمیانەى بۆ توێژەران و فێرخوازان دابینکردوە، هەروەک نوێترین پڕۆژەمان دروستکردنى (نەخۆشخانەى فێرکارى جیهانە)، کە دەبێتە ناوەندێکى گرنگ بۆ پێگەیاندنى فێرخوازان، ڕاشیگەیاند: لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش زانکۆکەمان خاوەنى پەیوەندییەکى فراوانى زانستیە لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمى و زانستیەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان، بەشێوەیەک زیاتر لە (٧٠) ڕێککەوتنامە و لێکتێگەیشتنى زانستیمان واژۆ کردوە.
لە بوارى نێودەوڵەتیدا؛ زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین دەسکەوتى زانستى بەدەستهێناوە
لە بوارى نێودەوڵەتیشدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە چەندین دەسکەوتى زانستى کرد و بۆ ئەوەش ڕونیکردەوە؛ سەرۆکایەتى زانکۆ بەردەوام پاڵپشتى توێژەران مامۆستایان و فێرخوازان دەکات بۆ پەرەپێدان بەتوانا زانستیەکانى، لەو چوارچێوەیەشدا تا ئێستا پێنچ گروپى فێرخوازان و کۆمەڵێک مامۆستاى ڕەوانەى زانکۆکانى پۆڵندا و هۆڵندا و ئوردن کردوە بۆ تەواوکردنى کۆرسى خوێندن و بەشداریکردن لە خولى ڕاهێنان….. هاوکات زانکۆى جیهان-هەولێر تاکە زانکۆى تایبەت و پێشەنگە لە هەرێمى کوردستان، کە هاوبەشى پرۆگرامى ئیراسمۆس پڵەس (ERASMUS PLUS)ە، کە لەلایەن یەکێتیی ئەورپا پشتگیرى دەکرێ….. مایەى شانازیە تا ئێستا بەهۆى ئەو پرۆگرامەوە توانیومانە چەند گروپێک لە مامۆستایان و فێرخوازانى ڕەوانەى وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا بەگشتى و پۆڵندا بەتایبەت بکەین، وتیشى مایەى خۆشحاڵیە زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەن (13) بڕوانامە و متمانەى نێودەوڵەتى دامەزراوە ئەکادیمییە بەناوبانگەکانی هەریەک لە ( Zeva)ی ئەڵمانی و (ASIC)ى بەریتانیە، کە (12) بڕوانامەیان بۆ پرۆگرامەکانی خوێندنە و، یەکێکیشیان بۆ خودى زانکۆیە وەک دامەزراوەیەکى زانستى….. لەگەڵ ئەوەشدا سیستمى بۆلۆنیا پڕۆسیس پەیڕەو دەکات، کە لە زۆرێک لە زانکۆکانی ئەوروپا پەیڕەو دەکرێ.
دەرچوان دەبێ بەپێى پسپۆڕییەکانیان خزمەت بەکۆمەڵگە و نیشتیمان بکەن
لە کۆتایی وتارەکەشیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕوو لە دەرچوان چەند پەیڤێکى پێشکەشکردن و وتى: ئەمڕۆ ئێوە بەرهەمى چوار ساڵ خوێندن و شەونخونیتان دەچننەوە و، دەبنە خاوەن بڕوانامەى بەکالۆریۆس، بۆیە خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم پیرۆزبایی گەرم ئاراستەى یەکە بەیەکەتان بكەم، ئومێدەوارم بە هەموو توانا و هێزتانەوە خزمەتی خێزان و میللەتەكەتان بکەن، كە ساڵانێكی درێژە قوربانیان لەپێناوتان داوە تاوەكو ئێوە بگەن بەم رۆژە و، لە ژێر ئاڵای شەكاوەی كوردستان ئاهەنگی دەرچوونتان بگێرین، بۆ ئەوەش وتى: لەم بۆنەیەدا، بەپێویستى دەزانین سوپاس و ڕێز پێشکەشەى ئەو مامۆستایانە بکەم، كە بەگیانی لە خۆبردووی درێغییان نەكرد لە گەیاندنی پەیامی زانست و نیشتیمان پەروەری و گۆشكردنی ئێوە بەدوا داهێنانەکانى زانست، هاوکات سوپاسی بێ پایانی پێشكەشی بە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، سەرجەم دامەزراوەکانى وەزارەت کرد، لەهەمان کاتدا سوپاسى مامۆستایان و تەواوی كارمەندانی زانكۆی ئاراستەی ( گروپی جیهان) بەگشتى و، دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان بەتایبەت کرد بۆ پشتگیریە بەردەوامەکانیان بۆ زانكۆ و پێشخستن لە بوارى زانستى، هیواشى خواست دەرچوان بەرى ڕەنج و ماندوبونیان بچننەوە و، بەپێى پسپۆڕییەکانیان بتوانن خزمەت بەکۆمەڵگە و نیشتیمان بکەن.
وەزیرى خوێندنى باڵا پیرۆزبایی لە دەرچوان دەکات
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، دکتۆر ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان وتى: هانى دەرچوانى دا ئەو زانست و زانیارییەى لە چوارچێوەى پسپۆڕەییەکانیاندا لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەدەستیان هێناوە بخەینە خزمەت پەرەپێدان و ئاوەدانى و پێشخستنى وڵات، بۆ ئەوەش سوپاس و پیرۆزبایی لە کەس و کار و دایک و باوکى دەرچوان کرد، وتیشى ئەوە بەئاسانى نەگەیشتونەتە ئەم قۆناغە، بەڵکو سەربارى ئاڵنگاری و قەیرانەکان و دۆخى دارایی، بەڵام بەهیمەتى هەموولایەک توانرا بەسەر هەموو ئەوانەدا زاڵ بن و ئەمڕۆ بەدى بێنین.
دەبێ زانکۆکان خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنن
هەر لە میانەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە کارنامە و دیدگا و پڕۆژەکانى وەزارەتەکەى کرد بۆ باشترکردنى دۆخى خوێندن و زانست لە زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان بەتایبەت بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى بۆ پرۆگرامەکانى خوێندن تا زانکۆکان بتوانن ئامانجە و هیواکانى فێرخوازان بەدى بهێنن. دکتۆر ئارام محمەد قادر وتى: لە ماوەى ڕابردودا زانکۆ توانى وەڵامدەرەوەى پێداویستى قۆناغى خۆى بێت، بەڵام بەهۆى ئەو گۆڕانکاریانەى ڕویداوە و بەهۆى ئەو گۆڕانکاریانەى بەسەر بازاڕى کارى جیهاندا هاتووە؛ پێویستە زانکۆکانى هەرێمى کوردستانیش هەوڵەکانیان بخەنە کار بۆ دۆزینەوەى ئەو ڕێگەچارە تازانەى کە بازاڕى کارى کوردستان تێر بکات، بۆ ئەوەش هەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە دەبێت وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هزر و دەستى کارى تازە بۆ بازاڕى کوردستان دروست بکات، وتیشى ئەمە ئەرکێکى قورسە و پێویستى بەهەماهەنگى هەمولایەک هەیە، بۆ ئەوەش بەوردى باسى لە کارنامە و نەخشەڕێ و هەنگاوەکانى وەزارەتەکەى کرد.
وەزیرى خوێندنى باڵا: زانکۆى جیهان-هەولێر یەکێک لە زانکۆ هەر باشەکانى کوردستان
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى تەرخان کرد بۆ ڕۆڵ و پێگەى زانکۆ تایبەتەکان لە کەرتى خوێندنى باڵا بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: ساڵ بەساڵ فێرخوازان و دایکان و باوکان ئەو زانکۆیان هەڵدەبژێرن کە دەتوانن خەون و ئامانجەکانیان بەدى بهێنن، بۆ نمونە ماوەى دوو ساڵە لەسەریەک زیاتر لە (٢٠) هەزار کورسى بەتاڵ دەمێنێتەوە، ئەوەش ئاماژەیەکى گرنگە بۆ ئەوەى زانکۆ تایبەتەکان ژێرخانێکى پتەو بونیاد بنێن و، توێژینەوەى زیاتر بکەن و، ئەو هێزە مرۆییەى کە هەیانە باشتر بیکەنە خزمەتى خۆیان، بەو شێوەیە دەتوانن لە نێوان یەکتریدا کێبرکێى زانستى بکەن، بەپێچەوانەوە ناتوانن سەرکەوتوبن، بۆ ئەوەش ڕوو لە دەرچوان ڕایگەیاند: ئێوەش خۆشبەختن کە لە زانکۆى جیهان-هەولێر خوێندتان تەواو کردوە، زانکۆیەک هەم لە ڕووى پرۆگرام هەم لە ڕووى بەدەستهێنانەى متمانەى نێودەوڵەتى هەم لە ڕووى کواڵیتى یەکێک لە زانکۆ هەر باشەکانى کوردستان، دوپاتیشیکردەوە بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتى زانکۆ جیهان-هەولێر دەکەن، بۆ ئەوەى لە ڕێگەى کێبرکێى زانستیەوە وەڵاتەکەمان ببێنە خاوەن زانکۆى هاوشێوەى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بەحەق زانکۆن و بەڕاستى هاتون خزمەتى منداڵانى کوردستان بکەن، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى مایەى خۆشحاڵیە کە زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەن کەمپس و ژێرخانێکى بەهێزە و، لە ئێستاشدا لە هەوڵدان بۆ دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى گەورە، کە هەموو لایەک پێویستى پێى هەیە، هاوکات ستایشى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهانى کرد، کە هەموو کات هاوکار و پشتیوانى وەزارەت و حکومەت بووە لەو قەیرانە جۆراوجۆرانەى کە ڕوبەڕومان بۆتەوە.
لە کۆتاى وتارەکەشیدا پیرۆزبایی لە دەرچوان و کەس وکارى دەرچوان کرد و، دوپاتیکردەوە بەو سکیڵ و کارامەیە دانپیانراوەى لە زانکۆى جیهان-هەولێر فێرى بوون دەتوانن خزمەت بکەن و بەئامانجەکانتان بگەن.
لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەکەدا، دكتور نەوزاد یحیی باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى پێشکەشکرد، لە سەرەتاى وتارەکەیدا بەخێرهێنانى میوانانى کرد، پاشان پیرۆزبایی لە دەرچوان و کەسوکارییان کرد، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا بەگرنگى باسى لە ئەرکى دەرچوان دواى قۆناغى زانکۆ کرد و، هیواشى خواست لە ئەرکى نوێیان بۆ خزمەتکردن بە نیشتیمان و وڵات سەرکەوتووبن.
دەرچووان سوێندى یاساییان خوارد
لە کۆتایى وتارى نوێنەرى دەرچووان خوێندرایەوە، دواتر سوێندخواردنى دەرچووان بەڕێوەچوو، پاشان لەسەر داواى ڕاگرى کۆلێژەکانى، لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ پاڵپشت بەیاسا کارپێکراوەکان بڕوانامەى بەکالۆریۆسى بەدەرچوان بەخشى.
خەڵات بەسەر یەکەمەکانى زانکۆدا دابەش کرا
ئاهەنگەکە بەدابەشکردنى خەڵات لەلایەن دکتۆر ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىو، لێپرسراوانى ئامادەبوو بەسەر یەکەمەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کۆتایى بەئاهەنگەکە هات.