
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە کونسلی گشتی بەریتانیا لە هەریمی کوردستان کرد
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئەیلوول 15, 2026
ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 14/09/2026، لە زانکۆی جیهان-هەولێر، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازی لە شاندێکی کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتى خاتوو هۆڵی ڤێر کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبونى دەیڤد کامبڵ بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (Home Office International Operations) و، نەورۆز جەمشید ڕاوێژکار لە کونسڵگەرییەکە و، دکتۆر ئەیاد کاکەیی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروباری زانستیی و، دکتۆر عەبدولستار عەبدولکەریم یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕیی و فێرخوازان بەڕێوەچوو؛ گفتوگۆ لەبارەى کۆمەڵێک خاڵى هاوبەشى زانستى نێوانیان کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان کورتەیەکی لەبارەی زانکۆ و پرۆگرامەکانی خوێندن و ڕێزبەندی نێودەوڵەتی زانکۆى جیهان-هەولێر و، ستراتیژى زانکۆ بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى کاروبارەکانى زانکۆ خستە ڕو. لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەى بە یاداشتی لێکتێگەیشتن (MoU) لەگەڵ زانکۆی پلیمۆس (Plymouth University) و گرووپی دامەزراوەی نێودەوڵەتی (International Foundation Group – IFG) کرد بۆ ڕەوانەکردنی فێرخوازان بۆ خولی ڕاهێنان، بۆ ئەوەش ڕاگەیاند: لە ساڵى (2026) لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێککەوتنامەیە ژمارەیەک فێرخوازمان ڕەوانەى ئەو وڵاتە کرد و، بەشدارییان لە خولێکى ڕاهێنانى چڕ کرد، هاوکات سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاماژەى بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای متمانەبەخشینی ئەسێکس (Essex) بۆ بەخشینى متمانە بە پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر و بەشەکانى زانکۆش.
لەلایەن خۆیەوە، خاتوو هۆڵی ڤێر تیشکی خستە سەر زەمالەی خوێندنی چیڤنینگ (Chevening Scholarship) کە بڕیارە لە مانگی 10 ڕابگەیەنرێت. پاشان باسى لە پێویستى گفتوگۆکرد لەگەڵ ئەنجومەنی بەریتانی (British Council) کرد، کە کار لەسەر خوێندن و پەروەردە و دروستکردنى هاوکار و هەماهەنگى و پەیوەندى لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگەکانی بەریتانیا دەکەن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، شاندی میوان بە یاوەری پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشەکانی سەنتەری کەلتوریی و کەمپی زانکۆی جیهان-هەولێریان بەسەرکردەوە.



