پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لەگەڵ زانکۆی نیشتیمانى عەجلون لە ئوردن واژوو کرد
زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامە لە فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستیە ڕەسەنەکان، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٥/٤/٢٠٢٤) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەشى لەگەڵ زانکۆى نیشتیمانى عەجلون لە ئوردن واژۆ کرد.
بەر لە ئەنجامدانى ڕێککەوتنامەکە؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە دیدارێکیدا لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر فیراس ئەحمەد هەنانده زانکۆى نیشتیمانى عەجلون لە ئوردن گفتوگۆیان لەبارەى پێویستى دروستکردنى پەرەپێدانى پەیوەندى زانستى نێوان زانکۆکان کرد بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر و ئاڵوگۆڕى زانیارییەکان لە پسپۆڕییە جیاکان.
پاشان لە مەراسیمێکى تایبەتدا، کە بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان بەڕێوەچوو؛ سەرۆکى زانکۆى نیشتیمانى عەجلون لە ئوردن و سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەکەیان واژۆ کرد، وەک لە ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە هەردوو زانکۆ کار دەکەن بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى هاوبەش لە بوارە جیاوازەکان و بەستنى سمپۆزیۆم و وۆرکشۆپى هاوبەش و ئاڵوگۆڕى فێرخوازان، هاوکات ڕێککەوتنامەکە چەندین خاڵى دیکەى گرنگى پەیوەست بە نەخشەڕێى پێکەوەکارکردنى نێوان هەردوو زانکۆکەى لە خۆگرتووە.
دوابەدواى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکەش پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لۆگۆ و درعى زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکەش بە پرۆفیسۆر دکتۆر فیراس ئەحمەد هەنانده زانکۆى نیشتیمانى عەجلون لە ئوردن کرد و، هیواى خواست ئەو ڕێککەوتنامەیە ببێتە سەرەتایەکى گرنگ بۆ بەهێزکردنى پردى پەیوەندى زانستى نێوان هەردوو زانکۆ و، خزمەتکردن بە ڕەوتى زانست لە نێوان هەردوو گەل.