پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر: پێویستە فێرخوازان لە سایەى سێبەرى ئاڵاى کوردستان پەرەى زیاتر بە مەعریفە و زانست بدەن
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: پێویستە فێرخوازان ڕۆژى ئاڵاى کوردستان بکەنە دەفەتێک بۆ خۆشەویستنى پسپۆڕییەکانیان و، گرنگیدان بە زانست و مەعریفە تا لە دوا ڕۆژدا بتوانن بەشدار بن لە بونیادنانى و پەرەپێدانى وڵات.
لە زانکۆى جیهان-هەولێر هاوشێوەى تەواوى زانکۆ و دامەزراوە جیاکان و، هاوکات لە ڕۆژى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان، ئەمڕۆ یەک شەممە ڕێکەوتى (١٧/١٢/٢٠٢٣) بە ئامادەبونى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و ڕاگر و سەرۆکى بەش و مامۆستایان و فەرمانبەران و فێرخوازان؛ ئاهەنگێکى تایبەت بەو ڕۆژە بەڕێوەچوو.
بەو بۆنەیەوە؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە سەرەتاى وتارەکەیدا پیرۆزبایی ڕۆژى ئاڵاى کوردستان لە میوانان و مامۆستایان و فێرخوازان کرد، پاشان باسى لە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان کرد و وتى: لاى هەموتان ئاشکرایە ساڵى (١٩٤٥) لە ڕۆژێکى وەک ئەمڕۆدا بۆ یەکەمینجار لە شارى مەهاباد ئاڵاى کوردستان هەڵکرا، بۆیە پەڕلەمانى کوردستانیش بڕیاریدا ئەم ڕۆژە ببێتە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان، لەم ڕۆژەدا لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانى کوردستان ئاھەنگ و کۆمەڵێک چالاکى بەڕێوەدەچێ، ئێمە لە زانکۆى جیهان-هەولێر شەرفەمەند و خۆشحاڵین هەموو ساڵێک ئەم ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانیە زیندو دەکەینەوە و بەرز ڕایدەگرین.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە ڕۆژى فێرخوازان لەم قۆناغەى خەبات کرد و وتى: ئێمە ئەمڕۆ کە ئەم ئاهەنگ لە سایەى سێبەرى ئەم ئاڵایە دەکەینەوە هەمووى بەخۆێنى شەهیدان و تێکۆشانى قارەمانانى گەلەکەمان بەدیهاتووە، بۆیە ئەرکى سەرشانى هەمومانەوە بە فێرخوازانیشەوە قەت ئەو ڕۆژە لە بیر نەکەین، بەڵکو دەبێ تێکۆشانى خۆمان هەبێ، کە ئەوەش بریتیە لە زانست و مەعریفە، وتیشى دروستکردن و بونیادنانى هەر وڵاتێک پشت بەدوو فاکتەرى سەرەکى دەبەستێ، ئەوانیش ژێرخانى ئابورى و سەرخانى مرۆییە، زانکۆش ناوەندێکى گرنگە بۆ پێگەیاندن و دروستکردنى سەرخانى مرۆیی، کە ئەوەش فێرخوازانى خۆشەویستە، ئێوە ئایندەى ئەم وڵاتەن، بۆیە گرنگە زانست و پسپۆڕییەکەتان خۆشبوێ تا دواى چوار ساڵ و تەواوکردنى زانکۆ گۆشکرابن بە زانست و مەعریفە تا بەشداربنن لە بونیادنانى و پەرەپێدانى وڵاتەکەتان، هەر لە وتارەکەیدا ڕونکردنەوەى زیاترى لەو بارەیەوە داو وتى: ئێمە دەزانین ئامانجى گەلەکەمان زۆرن لەسەروى هەمویانەوە سەربەخۆى یەکجارەکى گەلەکەمانە، ئەوەش تەنها بە قسەکردن بەدى نایات، بەڵکو بەکردەوە بەزانست و مەعریفە بەدى دێ، پێشمەرگەى ئەو زانست و مەعریفەش ئێوەى فێرخوازن، هەربۆیە زانکۆى جیهان-هەولێریش هەموو کات دەرفەتى تەواوى خۆپێگەیاندن و خۆ دروستکردنى بۆ ڕەخساندون.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ دەسکەوتە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەو بارەیەوە وتى: مایەى خۆشحاڵیشمانە زانکۆى جیهان-هەولێر لەماوەى چەند مانگێکى کەمدا لە دوو ڕیزبەندى جیهانى پلەى یەکەمى سەرجەم زانکۆ تایبەت و حکومیەکانى لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان بەدەستهێناوە، ڕونیشیکردەوە بەدەستهێنانى ئەم پلەیە تەنها پەیوەندى بەهەوڵ و کۆششى مامۆستایان نیە، بەڵکو ئێوەش ڕۆڵى گرنگتان لەو دەسکەوتە زانستیانە هەیە، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر هەموو ئەو دەسکەوتانە دەخاتە خزمەت خەڵکى کوردستان و دروستکردنى دواڕۆژێکى پڕشنگدار بۆ کوردستان، بۆ ئەوەش داوا لە فێرخوازان کرد، ڕۆژ پیرۆزى ئاڵاى کوردستان لە بیر نەکەن و، بەردەوام ئاڵاى کوردستان بەرز ڕابگرن، تا لە سایەیدا وەک فێرخواز و مامۆستا کارى خۆتان بکەن بۆ ئەوەى دوا ڕۆژێکى پڕشنگدار بۆ کوردستان بونیاد بنێین..
لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەکەدا، ئاڵاى پیرۆزى کوردستان لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر هەڵکرا، دواتریش فێرخوازان بەجلى کوردى و هەڵپەڕکێ و گۆڕانى ڕۆژى ئاڵاى کوردستانیان زیاتر پیرۆز و جوانتر کرد.