پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر گروپێکى دیکەى فێرخوازانى بەرەو پۆڵندا بەڕێکرد
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆکەمان بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ بەرزکردنەوەى پێگەى زانستى و مەعریفى فێرخوازان، لەو چوارچێوەیەشدا میکانزم و شێوازى زانستی هاوچەرخ پەیڕەو دەکات.
ئەو ڕاگەیاندنەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، ئەمڕۆ دوو شەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٤) لە میانەى پێشوازیکردن و دیدارى کەس و کارى ئەو فێرخوازانە هات، کە لە ڕۆژانى داهاتودا بەرەو پۆڵندا بەڕێدەکەون، لەو چوارچێوەیەدا لە دیدارێکەدا، کە بەئامادەبونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار عبدالکەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى فێرخوازان و کارگێڕى و سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو؛ لەسەرەتادا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى کەس و کارى فێرخوازان و وتى: وەک زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوام لە هوڵى ئەوەداین فێرخوازانمان ئاشناى ئاستى زانستى وڵاتانى جیهان بن، بەتایبەت ئەو فێرخوازانەى بەدواى خوێندن و زانستن ئێمە دەستیان دەگرین و پاڵپشتیان دەکەین، هەربۆیە ئەم فێرخوازانە بەخۆڕایی هەڵنەبژێردراون، بەڵکو لەسەر بنەماى کۆمەڵێک پێوەرى زانستى لە نێو زیاتر لە (٦٠٠٠) هەزار فێرخواز دەستنیشان کراون، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە ئێوەى دایک و باوک و کەس وکاریان دەکەم، کە بە باشى منداڵەکانتان پەروەردە کردوە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ڕوو لە فێرخوازان ووتى: ئێوە کە دەڕۆنە زانکۆکانتان لە پۆڵندا؛ دەبێ ئەوە بزانن کە نوێنەراتى کوردستان و زانکۆى جیهان و دایک و باوک و کەسوکارتانن، بۆیە ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە سەرەتا پیشاندانى ڕەوشت و ئاکارى بەرز پاشان زانستە، وتیشى پێویستە هەموو کات ئەوەتان لە یاد بێت، کە ئێوە ڕۆژهەڵاتین، دوپاتیشیکردەوە نواندى هەر ڕەوشت و ئاکارێکى خراپ، ئەو دەرگایەى بەڕووى فێرخوازانمان کردۆتەوە دادەخرێ، ڕاشیگەیاند ئەوانەى پێش ئێوە ڕۆیشتن و ئێستا گەڕاونەتەوە زۆر باش پابەندونیان هەبوو، هەر ئەوەش وایکرد ژمارەکەیان زیاد بکرێت و، ئێستا دەرفەت بۆ ئێوە بڕخسێ، وتیشى ڕەوشت و زانستى باش و پەرۆشى ئێوە بۆ خوێندن وادەکات وێنەیەکى باش لە کۆمەڵگەکەمان پیشان بدەن و، تێڕوانینە نەرێنیەکانى ئەوان دەگۆڕێ.
لە کۆتایی قسەکانیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ هانى فێرخوازانیدا، کە متمانەیان بەخۆیان هەبێ، چونکە خاوەن ئاست و تواناى زانستی بەرزن، هیواشى خواست ئەم دەرفەتە ببێتە ئەزمونێک بۆ کردنەوەى دەرگایەکى ڕوناک بۆ ئایندەتان، بەتایبەت تەواوکردنى خوێندنى ماستەر، لە کۆتایشدا، سەرۆکى زانکۆ؛ سەرۆکى بەشە زانستیەکانى ڕاسپارد لە پەیوەندى بەردەوامدا بن لەگەڵ فێرخوازان بۆ وەڵامدانەوەى سەرجەم پرسیارە زانستى و تایبەتیەکانیان لە ماوەى مانەوەیان لە پۆڵندا.
لە بەشێکى دیکەى دانیشتنەکەدا، ژمارەیەک لە باوک و دایک و کەس و کارى فێرخوازان سوپاسى سەرۆکایەتى (زانکۆى جیهان-هەولێر)یان کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە گرنگە بۆ فێرخوازان، وتیشیان وەک کەسوکارى فێرخوازان شانازیى بە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر و مامۆستایان دەکەین، کە هەوڵ دەدەن منداڵەکانمان بەو شێوەیە بۆ نیشتمان پەروەردە و دروست بکەن.
ئەم ڕاوندەى فێرخوازان کە پێکدێ لە (٩) فێرخواز لەسەر بنەماى پێوەرە زانستیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەک و، زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان و، زانکۆى وۆچ دەستنیشان کراون و، لە بەر ڕۆشنایی سێ پرۆژەدا بەرەو پۆڵندا بەڕێ دەکەون، (٤) شەش فێرخوازیان لە بەشەکانى (نیوتریشن و دایەتێتیکس، مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى، کارگێڕى کار، شیکاریی کیمیایی پزیشکی، پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ و، بایۆمیدیکاڵ) لە چوارچێوەى بەردەوامى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنامەى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)، بەشێکى دیکەیان، کە لە (٣) سێ فێرخواز لە بەشەکانى (مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى، کارگێڕى کار) پێکهاتوون لە بەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وۆچ (University of Lodz)ى پۆڵندى سەردانى ئەو وڵاتە دەکەن، ئەوە جگە لەوەى (٢) فێرخوازی دیکە لە بەشەکانى (نیوتریشن و دایەتێتیکس و، بایۆمیدیکال) لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئیراسمۆس پڵس و پێوەرەکانى ئەو بەرنامەیە کاندید کراون بۆ درێژەدان بە کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە.