پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشى و سوپاس و پێزانین ئاراستەى مامۆستایان و توێژەران دەکات
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە نوسراوێکدا بەژمارە (٢٩٩)، کە لە ڕێکەوتى (١٤/٢/٢٠٢٤) دەرچووە دەستخۆشى و سوپاس و پێزانین ئاراستەى مامۆستایان و توێژەران دەکات، کە ڕۆڵى کاریگەریان هەبووە لە بەدەستهێنانى پلەی یەکەمى سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ ساڵی سێیەم لە سەر یەک لە ڕیزبەندى نێودەوڵەتی (InCites – Web of Science WoS)؛ ئەوەش دەقەی سوپاس و پێزانینەکەیەتى …
مامۆستایان و توێژەرانى بەڕێز..
بۆ ساڵى سێەمە لەسەریەک زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندى نێودەوڵەتی (InCites – Web of Science WoS) پلەی یەکەمى سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانی بەدەستھێنا، هەروەها پلەى چوارەمی سەر ئاستى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکانی هەرێمى کوردستان هێناوە، هاوکات لە سەر ئاستى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکانی عیراق پلەی دەیەمدا هاتووە.
وەک ئاشکرایە ڕیزبەندییەکە پشتى بە ژمارەی سایتەیشنی (٧٤٩) توێژینەوەی توێژەران و مامۆستایانی زانکۆکەمان بەستووە، کە لەنێوان ساڵانی (٢٠١٩ – ٢٠٢٣)دا لە گۆڤارە زانستیە ڕەسەن و ئاستبەرز و کاریگەرەکانى جیهان بڵاویان کردۆتەوە و، (١١٨٩٨) سایتەیشنیان وەرگرتووە، بۆیە جێگەى شانازیمانە کە زانکۆکەمان خاوەن زاناى ئاستبەرز و بەتواناى لەو شێوەیەیە، کە ژیانى خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى ئاستبەرز و کاریگەر تەرخان کردوە، هاوکات لە کارى بەردەوامدان بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار و پڕ چەک بەزانست و زانیارى سەردەم لە زانکۆکەمان.
بەو بۆنەیەوە، وەک سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر، دەستخۆشى و سوپاس و پێزانین ئاراستەى توێژەران و مامۆستایان و دەکەم و، پاڵپشتى بەردەوام بۆ توێژەران و مامۆستایان دوپات دەکەینەوە بۆ پەرەپێدان بەتوانا زانستیەکانیان.
پڕۆفیسۆر
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر