پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ کونسڵگەرى قەتەر تاوتوێى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوانیان دەکەن
بەئامانجى دروستکردنى هەماهەنگى بۆ پتەوکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتى قەتەر، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى کونسڵگەرى وڵاتى قەتەرى لە هەرێمى کوردستان کرد و، لەگەڵ حوسێن على صالح الفضالە، کونسوڵى گشتى وڵاتى قەتەر لە هەرێمى کوردستان کۆبوەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢١/٢/٢٠٢٤) بەئامادەبوونى مشعل عبدالله ال فهيد الهاجري جێگرى کونسڵ بەڕێوەچوو، سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاسى ئەو دیدار و پێشوازییەى کرد، پاشان کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و ئەو پێشکەوتن و دەسکەوتە زانستیانەى لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان بەدەستهێناوە، پێشکەش بە کونسڵى قەتەر لە هەرێمى کوردستان کرد، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئامانجى سەردانەکەى بۆ کونسڵگەرى ئەو وڵاتە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: هاتوین هاوکارمان بن بۆ دروستکردنى هەماهەنگى و پەیوەندى زانستى لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتى قەتەر، ڕونیشیکردەوە لە ماوەى ڕابردودا چەند هەنگاوێکى گرنگمان ناوە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانى قەتەر، بۆ ئەو مەبەستەش لە قەتەر دیدار و کۆبونەوەمان لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى قەتەر ئەنجامداوە.
لە بەرانبەردا، حوسێن على صالح الفضالە، کونسوڵى گشتى وڵاتى قەتەر دواى بەخێرهێنانى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختى لە پێویستى داڕشتنى بنەماکانى چوارچێوەی پەیوەندی زانستى نێوان زانکۆکانى قەتەر و هەرێمى کوردستان کردەوە، وتیشى یەکێک لە کارە سەرەکیەکانمان وەک کونسڵگەرى بریتیە لە دروستکردنى پەیوەندى زانستى و ئاڵوگۆڕى کەلتورى و سودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، چەندین بیروڕاى جیاواز لە نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕا کرا، بۆ چۆنیەتى هەماهەنگى و هاوکارى زانستى نێوان زانکۆکانى قەتەر و زانکۆى جیهان-هەولێر، بەتایبەت لە دروستکردنى هەماهەنگى بۆ ئاڵوگۆڕکردنى فێرخوازان و، تۆمارکردنى زانکۆکانى کوردستان بەگشتى و، زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت لە لیستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى قەتەرى، بەو پێى هەرێمى کوردستان سەقامگیرە و، خوێندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەزمانى ئینگلزیە و کرێى خوێندنیش گونجاوە بۆ ئەوەى فێرخوازانى قەتەر ڕوو لە کوردستان بکەن بۆ درێژەدان بە خوێندن، لەهەمانکاتدا گفتوگۆ کرا لەبارەى ئاڵوگۆڕى فێرخوازان بۆ کۆرسى ڕاهێنان لە وەرزى هاوینە، لە کۆتایی دیدارەکەشدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لۆگۆى زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکەش بە کونسڵى قەتەر کرد، ئەویش لۆگۆى وڵاتەکەى پێشکەش بە سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
پێشتر سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە قەتەر لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى قەتەر کۆبوەوە و، گفتوگۆیان لەبارەى هەماهەنگى و هاوکارى زانستى نێوانیان کرد، هەروەک لە میانەى دیدارێکیشدا لەگەڵ باڵیۆزى عێراق لە قەتەر؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر داواى کرد بۆ دروستکردنى ئەو پرد و هەماهەنگى زانستیە هاوکاریان بن، بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەى دوو مانگى ڕابردودا باڵیۆزى عێراق لە قەتەر نوسراوێکى فەرمى ئاراستەى وەزارەتى دەرەوەى قەتەر کرد، بەڕێوەچوونى ئەو دیدارەى ئەمڕۆش هەر لەو چوارچێوەیەدا دێ.