پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لێکتێگەیشتنى لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى واسط واژۆ کرد
لە بەردەوامى کار و چالاکیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە جیاکان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى ڵێکتێگەیشتنى لەگەڵ پڕۆفیسۆر دكتور مازن حسن جاسم الحسني سەرۆکى زانکۆى واسط واژۆ کرد.
واژۆکردنى ئەو ڕێککەوتنامەیەکى ڵێکتێگەیشتنە لە میانەى پێشوازیکردن و دیدارێکى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى واسط هات، لە دیدارەکەدا دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کورتەیەکى زانستى لە بارەى پێکهاتەى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و پێشکەوتنە زانستیەکانى لەسەر ئاستى ناوخۆى و نێودەوڵەتى پێشکەش بە شاندى میوان کرد، بەتایبەت ستافى زانستى زانکۆ و ئاستى زانکۆ لە ڕیزبەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان، کە لە زۆربەیاندا پێشەنگى زۆربەى زانکۆ تایبەتى و زانکۆ حکومیەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى چۆنیەتى بەدەستهێنانى متمانەى دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ پرۆگرامە جیاوازەکانى خوێندن کرد، لەگەڵ ئەوەشدا ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى ئاڵوگۆڕى فێرخوازان بەتایبەت لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا بۆ شاندى میوان کرد.
لە بەرانبەر، پڕۆفیسۆر دكتور مازن حسن جاسم الحسني سەرۆکى زانکۆى واسط پوختەیەکى سەبارەت بە زانکۆکەیان و گۆڤارە زانستیەکانیان و سیستمى و پرۆگرامەکانى خوێندن و، بەرنامە هاوبەشەکانیان لەگەڵ زانکۆ جیاوازەکان خستەڕوو، هەروەک ئاماژەى بەو کۆڕ و کۆنفرانسە زانستیانە کرد، کە ساڵانە لە بوارە جیاوازەکان ئەنجامى دەدەن، هیواشى خواست ئاستى پەیوەندى زانستیەکانیان لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەى لێکتێگەیشتن بچێتە قۆناغێکى نوێ و بەقازانجى بوارى زانستى لە هەردوو زانکۆ و کۆمەڵگە بە گشتى بکەوێتەوە.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، کە بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دكتور صبيح لفتة الزبيدي یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى واسط بۆ کاروبارى زانستى و، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار عبدالکریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى فێرخوازان و کارگێڕى و، ڕاگر و سەرۆکى ژمارەیەک لە سەرۆک بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لێکتێگەیشتنى لەگەڵ پڕۆفیسۆر دكتور مازن حسن جاسم الحسني سەرۆکى زانکۆى واسط واژۆ کرد.
وەک لە ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە هەردوو زانکۆ کارى پێکەوەیی دەکەن بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى و کۆڕ و وۆرکشۆپ، هاوکات کار دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنى فێرخوازان و، سەرپەرشتیکردن و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى، لە بەشێکى دیکەى ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە هەردولا کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنى پڕۆگرامى هاوبەش لەسەر هەردوو ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى و، سوود وەرگرتن لە ئەزمونى زانستى یەکتر لە پێناو بەدیهێنانى ئامانجە زانستیە هاوبەشەکان، ئەوە جگە لە ڕەخساندنى ژینگەیەکى گونجاو بۆ سەردانى زانستى و پێکهێنانى لێژنەى زانستى هاوبەش بەپێى بڕگە پێویستیەکانى ڕێککەوتنامەکەدا.
دوا بەدواى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکەش، بەجیا هەریەک لە سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، سەرۆکى زانکۆى واستط پیرۆزبایی واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکەیان کرد و، هیوایان خواست ببێتە دەروازەیەکى سودبەخش بۆ هەردولا.