پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لێکتێگەیشتنى لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى واژۆ کرد
زانکۆى جیهان-هەولێر لەبەر ڕۆشنایی فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە جیاکان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى ڵێکتێگەیشتنى لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر نورالدین اسماعیل اللەوێردى سەرۆکى زانکۆى هەولێری پزیشکى واژۆ کرد.
واژۆکردنى ئەو ڕێککەوتنامەیەکى ڵێکتێگەیشتنە لە میانەى پێشوازیکردن و دیدارێکى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى هەولێری پزیشکى هات، لە دیدارەکەدا دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کورتەیەکى زانستى لە بارەى پێکهاتەى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت بەشە پزیشکیەکان و پێشکەوتنە زانستیەکانى لەسەر ئاستى ناوخۆى و نێودەوڵەتى پێشکەش بە شاندى میوان کرد.
لە بەرانبەر، پرۆفیسۆر دکتۆر نورالدین اسماعیل اللەوێردى سەرۆکى زانکۆى هەولێری پزیشکى خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانە دەبڕى و دوپاتى لە پێویستى هەماهەنگى و هاوکارى نێوان زانکۆکان کردەوە، هیواشى خواست ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانیان لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەى لێکتێگەیشتن بچێتە قۆناغێکى نوێ و بەقازانجى بوارى زانستى لە هەردوو زانکۆ و کۆمەڵگە بە گشتى بکەوێتەوە.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (2024/9/2) بەئامادەبوونى یاریدەرەرانى سەرۆکایەتى هەردوو زانکۆ ڕاگر و سەرۆکى ژمارەیەک لە سەرۆک بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لێکتێگەیشتنى لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر نورالدین اسماعیل اللەوێردى سەرۆکى زانکۆى هەولێری پزیشکى واژۆ کرد.
وەک لە ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە هەردوو زانکۆ کارى پێکەوەیی دەکەن بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى و کۆڕ و وۆرکشۆپ، هاوکات کار دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنى فێرخوازان و، سەرپەرشتیکردن و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى، لە بەشێکى دیکەى ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە هەردولا کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنى پڕۆگرامى هاوبەش لەسەر هەردوو ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى و، سوود وەرگرتن لە ئەزمونى زانستى یەکتر لە پێناو بەدیهێنانى ئامانجە زانستیە هاوبەشەکان بەتایبەت لە بوارى پزیشکى، ئەوە جگە لە ڕەخساندنى ژینگەیەکى گونجاو بۆ سەردانى زانستى و پێکهێنانى لێژنەى زانستى هاوبەش بەپێى بڕگە پێویستیەکانى ڕێککەوتنامەکەدا.
دوا بەدواى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکەش، بەجیا هەریەک لە سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى پیرۆزبایی واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکەیان کرد و، هیوایان خواست ببێتە دەروازەیەکى سودبەخش بۆ هەردولا.