پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە کۆنفرانسی کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان لە قەتەر دەکات
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (٢٥/١١/٢٠٢٣) کۆنفرانسى کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان (International Association of Universities) لە وڵاتى قەتەر بەئامادەبوونى سەرۆکى زانکۆ ڕەسەن و ئاستەبەرزەکانى جیهان و بەبەشدارى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستى بەکارەکانیکرد.
لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆکان- ٢٠٢٣ (IAU 2023 INTERNATIONAL CONFERENCE)، کە لە زانکۆی قەتەر لە دۆحەی پایتەخت بەڕێوەدەچێت. کاریگەرییەکانى خوێندنی باڵا و، گرنگی فێربوون و گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان تاوتوێ دەکرێت.
لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەشدا دواى پێشکەشکردنى چەند وتەیەک بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستیپێکرد و، تیدا بە گرنگیەوە باس لە ئەرکى زانکۆکان لە ڕەخساندنى ژینگەیەکی نایاب بۆ پەروەردەکردن و فێربوون و لێهاتوویی نێوان کەلتوورەکان کرا، جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە کە جیاوازییە کەلتورییەکان لە ژینگەى خوێندن دەبێتە هۆى فراوانکردنى ئاسۆى بیرکردنەوەى فێرخوازان و، ڕێزگرتن و پابەندبوونى زۆرتر لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و سەروەری یاسا و بونیادنانی ئاشتی لە کۆمەڵگەکان.