پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانین ئاراستەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆ دەکات
بەبۆنەى بەدەستهێنانى پلەى یەکەمى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندى تایمزى بەریتانى بۆ خوێندنى باڵا بەپێى پسپۆڕییەکان (Interdisciplinary Science Rankings 2025) بۆ ساڵی ٢٠٢٥، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بە نوسراوێک سوپاس و پێزانین ئاراستەى سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات.
لەو نوسراوەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٤/١١/٢٠٢٤) بە ژمارە (٢٠٦٥) بە ئیمزاى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەرچووە، تیایدا هاتووە” لە نوێترین ڕیزبەندى تایمزى بەریتانى بۆ خوێندنى باڵا بەپێى پسپۆڕییەکان (Interdisciplinary Science Rankings 2025) بۆ ساڵی ٢٠٢٥، زانکۆى جیهان-هەولێر پلەى یەکەمى لەسەر ئاستى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتیەکانى هەرێمى کوردستان و، پلەى دووەمى لەسەر ئاستى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتیەکانى عێراق بەدەستهێناوە، بەو بۆنەیەوە سوپاس و پێزانینى خۆمان ئاراستەى یەکە یەکەى بەڕێزتان دەکەین لە بەرانبەر ڕاپەڕاندنى کار و ئەرکەکانتان بەدڵسۆزى، لەهەمانکاتدا هەوڵ و ماندوبون و یارمەتیە بەردەوامەکانیشتان بەرز دەنرخێنین بەتایبەت لە جێبەجێکردنى پڕۆژە گرنگەکانتان بۆ بەدیهێنانى (١٧) ئامانجەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام. دووبارە هیواى سەرکەوتن و پێشکەوتنى بەردەوامتان لە بوارى زانست بۆ دەخوازین.
لە چەند ڕۆژى ڕابردودا، گۆڤارى تایمزى بەریتانى بۆ خوێندنى باڵا بەپێى پسپۆڕییەکان (Interdisciplinary Science Rankings 2025)، نوێترین ڕیزبەندى زانکۆکانى بڵاوکردەوە، کە تیایدا سەدان زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیی لە (٩٢) وڵاتی جیهانەوە بەشداریان کرد بوو، لەسەر ئاستى عێراقیش لە کۆی زیاتر لە (١٥٠) زانکۆی حکومی و تایبەت تەنها (12) زانکۆ ڕیزبەند کراون، لە نێویاندا زانکۆی جیهان – هەولێر پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و دووەم لەسەر ئاستی عێراق لەدوای زانکۆی بەغدا لە نێوان سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتیەکان بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى جیهانیش ، زانکۆى جیهان-هەولێر لە پلەی (251) دا هاتووە.