پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە دوو پسپۆڕى بوارى دەرمانسازى تورکیا دەکات
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (١٩/١١/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە هەریەک لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئۆزتەکین ئەلگول (Öztekin ALGÜL) ڕاگری فاکەڵتی دەرمانسازی لە زانکۆی ئێرزنجان بیناڵی یڵدرم (Erzincan Binali Yıldırım University) و، دکتۆر رۆناک ئێرسان (Ronak Ersan) مامۆستا لە کۆلێژى دەرمانسازى زانکۆى مێرسین (Mersin University) لە تورکیا.
لە دیدارێکدا؛ کە بەئامادەبونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دکتۆر محەمەد ئایدن ڕاگرى کۆلێژى دەرمانسازى زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى دروستکردنى هەماهەنگى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆکانى تورکیا لە بوارى پەرەپێدانى خوێندنى دەرمانسازى کرا.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەگەرمى بەخێرهاتنى میوانەکانى کرد، پاشان کورتە باسێکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەش کردن، هەر لە میانەى قسەکانیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى لە کۆلێژى دەرمانسازى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، ڕایگەیاند: ئەم کۆلێژە یەکێکە لە کۆلێژە گرنگەکانى زانکۆکەمان و، لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ بەهێزکردنى پایە گرنگەکانى، بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە دابینکردنى چەند تاقیگەیەکى پێشکەوتوو سەردەمیانە و دابینکردنى مامۆستا و پسپۆڕانى بە ئەزمون، لەهەمان کاتدا کار دەکەین بۆ دروستکردنى ڕایەڵەیەکى پەیوەندى فراوان لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان و، وەرگرتنى متمانەى دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ پڕۆگرامەکانى خوێندنیان.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ شاندى میوان گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى پردى پەیوەندى زانستى لەگەڵ زانکۆکانى تورکیا لە بوارى خوێندنى دەرمانسازى کرا، بەتایبەت بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ئاڵوگۆڕى فێرخوازان و ستافى زانستى و، ئەنجامدانى کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و سیمپۆزیۆمى هاوبەش، لەو چوارچێوەیەشدا هەردولا چەندین بیروڕاى گرنگیان ئاڵوگۆڕ و پێشنیاز کرد تا بتوانن لە داهاتوودا کارى لەسەر بکەن.