پێشبڕکێیەکی ڕۆبۆتیک لە نێوان فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر ئەنجامدرا
بە مەبەستی زیاتر ئاشنا بوونی فێرخوازان بە تەکنۆلۆجیای ڕۆبۆتیک، وەک تەکنۆلۆجیایەک کە کاریگەری زۆری لەسەر باشتر بەڕێوەچوونی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دروستکردوە، لە بەشى زانستى کۆمپیوتەر چالاکیەکى زانستى بەڕێوەچوو.
ڕۆژی سێ شەممە، ڕێکەوتى ٢٠/٠٤/٢٠٢١ لە نێوان فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر بەسەرپەرشتی (مامۆستای یاریدەدەر عبداللە عبدالعباس ناهی) پێشبڕکێیەک ئەنجامدرا، لە میانەى چالاکیەکەدا فێرخوازان دابەشى سەر چەند گروپێک کران، دواتر هەر یەک لە گرووپەکان ڕاسپێردران سیستمێکی زیرەک بە مەبەستی ئەنجامدانی کارێکی تایبەت درووست بکەن.
دواى دروستکردنى سیستمەکە، بەشداربووان ئەنجامی کاری خۆیان پێشکەش کرد، کە پێکهاتبوون لە (درووستکردنی سیستمى دۆزینەوەی Radar، سیستمى بلۆک کردنی سیگنالی wifi، ئامێری هەستیار بە جوڵە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووناکی شەقام و سیستمى هەست پێکردن بە ئاگر بە سوود وەرگرتن لە Arduino ).
لە بەشێکى دیکەى چالاکییەکەدا، باشترین پڕۆژەکان دەستنیشانکران و، پاشان ئەندامانی گرووپى براوە چۆنیەتی درووستکردن و کارکردنی ڕۆبۆتی خۆیان لەگەڵ گشت بەشداربووان هاوبەش کرد.
ئامانج لەم پێشبڕکێیە بەرز کردنی ئاستی زانیاری فێرخوازان لەبارەی تەکنۆلۆجیای ڕۆبۆتیک و سیستمە زیرەکەکان لە ڕێگەی هاندانی فێرخوازان بۆ درووستکردنی سیستمێکی زیرەک. دوای کۆتاییهاتنی چالاکییەکە، بڕیاردرا پڕۆژە براوەکان لە پیشەنگای زانستی تایبەت بە فێرخوازانی بەشی زانستی کۆمپیوتەر کە لە داهاتوودا بەڕێوە دەچێت بەشدار بن و پڕۆژەکانیان نمایش بکەن.