لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەچالاکیەکى زانستى یادى ڕۆژى ڕۆژنامەگەرى کوردى کرایەوە
بەمەبەستى ئاشنابوون بەباردۆخى دەرچوونى یەکەمین ڕۆژنامەى کوردى و, هەڵسەنگاندنى دۆخى ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە ئێستادا، بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەچالاکیەکى زانستى یادى دەرچوونى یەکەمین ڕۆژنامەى کوردى (کوردستان)ى کردەوە.
رۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٢/٤/٢٠٢١)، کە هاوکات بوو لەگەڵ (١٢٣) ساڵەى دەرچوونى یەکەمین ڕۆژنامەى کوردى بەناوى (کوردستان)، بەئامادەبوونى ژمارەیەک لە میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایان و فێرخوازانى، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان وۆرکشۆپیکى ڕێکخست.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە بەناونیشانى (ڕۆژنامەى کوردى و پێشکەوتنە سیاسیەکان) بوو، لەسەرەتادا (ئازاد حمدامين) نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان وتەیەکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا دواى پیرۆزبایکردن لە ڕۆژنامەنوسانى کوردستان، بەکورتى باسى لە قۆناغەکانى گەشەسەندنى ڕۆژنامەنووسى کوردى کرد، هەروەک باسى لە بارودۆخى ڕۆژنامەوانى لە ئێستادا کرد.
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا، دوو بابەت پێشکەشکرا، بابەتى یەکەم بەناونیشانى (مێژوى ڕۆژنامەگەرى کوردى و چۆنیەتى گەشەکردنى) لەلایەن دکتۆر (هاوژين عومەر) پێشکەشکرا، هەروەها لەلایەن دكتور (ايناس ضياء) بابەتێک لەسەر پەیوەندى نێوان ڕاگەیاندن و سیاسیەت پێشکەش کرا.
دوابەدواى پێشکەشکردنى سمینارەکان گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکى بابەتەکان و لایەنە جیاکانى دۆخى ڕۆژنامەوانى لە کوردستان کرا.
123 ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەی “كوردستان” وەك یەكەم ڕۆژنامەی كوردی دەرچوو، هەرئەوەش بووە هەوێنی لەدایكبوونی سەدان ڕۆژنامە و كەناڵی ڕاگەیاندن لە هەر چوار پارچەی كوردستان. ڕۆژنامەی كوردستان، یەكەم ڕۆژنامەی كوردییە، كە یەكەم ژمارەی لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاھیرەی پایتەختی میسر چاپكرا، ئەمەش وەرچەرخانێكی ڕۆشنگەریی لە كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و، بووە دەستپێكی قۆناغی ڕۆژنامەگەریی لە كوردستان، ئەمڕۆش ١٢٣ ساڵی تەواو بەسەر دەركردنی یەكەم ژمارەی ئەو ڕۆژنامەیە تێپەڕ بوو.
ڕۆژنامەی كوردستان لەنێوان ساڵانی ١٨٩٨ تا ١٩٠٢ز، بەشێوەیەکى گشتى (٣١) ژمارەی لە چەند شوێنێكی جیاواز لێ دەركرا، ئەوەش بەم شێوەیە:
- لە ژمارە ١ تا ٥ لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچووە.
- لە ژمارە ٦ تا ١٩ لە ژنێفی پایتەختی سویسرا دەرچووە.
- ژمارە ٢٠ تا ٢٣ دووبارە لە قاهیرە چاپکراوە.
- ژمارە ٢٤یش لە لەندەن دەرکرا.
- ژمارە ٢٥یش دووجار دەرچووە، یەكەمیان لە شاری لەندەن و دووەمیشیان لە شاری فۆكستۆن هەر لە بەریتانیا.
- ژمارە ٢٦ – ٢٩ لە شاری فۆكستۆن چاپکراوە.
- ژمارەكانی ٣٠ و ٣١ لە ژنێف دەرچووەتەوە.