پەیامى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەبۆنەى ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان
ڕۆژى (١٥/٥)ى هەموو ساڵێک یادى دامەزراندنى یەکێتى مامۆستایانى کوردستانە ، بەو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و مامۆستایان دەکات، کە ئەمەش دەقەکەیەتى:
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
سڵاوێکی گەرم
ئەمڕۆ (15/5/2024) بە بۆنەی تێپەڕبونی (٦٢) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پیرۆزبایی سەرۆکایەتى زانکۆکەمانتان پێڕادەگەیەنم و، هەر لەم بۆنەیەشدا بە پێویستی دەزانم سڵاو و ڕێز و سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەموو مامۆستایان بکەم و دەستی ماندونەبویان بگوشم.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان خاوەنی زیاتر لە نیو سەدە خەبات و قوربانیدانی بێوچانە و، وەک فێرگەیەک ڕۆڵى گرنگ و گەورەى لە گەشەپێدانى پەروەردە و زانست و فێرکردن بینیوە، بەتایبەت لە گۆشکردن و قووڵکردنەوەى هزرى بەرپرسیاریەتى و پەروەردەى تەندروست و زانستى سەردەم.
هەر لەم بۆنەیەدا، ڕۆڵى مامۆستايان پێشەنگ لە ناوەندەکانى خوێندن وەک کۆڵەکەيەکى سەرەکيى پێگەياندنى نەوەکان و پرۆسەى پەروەردە و فێرکردن بەرز دەنرخێنین، کە کاريگەريى ڕاستەوخۆيان لەسەر بونيادنان و پێشخستنى ئاستى کەسايەتيى فێرخواز هەيە، بۆيە ئەرکێکى گرنگ و پيرۆز جێبەجێ دەکەن و مايەى هەموو ڕێز و دەستخۆشييەکن.
لە کۆتایدا؛ هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خەباتی نەپساوەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەخوازم، هەروەک سڵاوى زانست بۆ هەموو ئەو مامۆستایانە دەنێرین، کە تەمەنێکیان لە خزمەتکردنی فێرکردن و پەروەردە و زانستدا بینیوە و نەوەیەکی خوێندەواری پێشکەوتوخوازیان پێگەیاند.
دوبارە پیرۆزە و هەمیشە سەرکەوتوو بن …
پڕۆفیسۆر
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر