چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان بەسەرکەوتویی کۆتایی بەکارەکانى هات
لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە مەراسیمێکى تایبەتدا، لەگەڵ پێشکەشکردنى چەند وتەیەک و خوێندنەوەى دەقى ڕاسپاردەکان بەسەرکەوتویی کۆتای بەچوارەمین کۆنفرانسى زانستى بایۆلۆجى و زانستە پزیشکیەکان هات.
لەو مەراسیمەدا، کە دواى نیوەڕۆى ڕۆژى سێ شەممە، ڕێکەوتى (٢٩/٣/٢٠٢٢) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئامینە سەباح مەحمود ئەندامى لێژنەى زانستى کۆنفرانس وتارى سەرکەوتنى کۆنفرانسى خوێندەوە، لەسەرەتادا سەرەتا سوپاسێکی تایبەتى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگەر سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهانى کرد بۆ پشتیوانیە داراییەکان و سەرخستنى ئەو کۆنفرانسە، لەهەمان کاتدا سوپاسى پێزانینی لێژنەکەیانى پێشکەشى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەج سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جییان – هەولێر و سەرۆکی کۆنفرانسەکە کرد بۆ پشتیوانی و هاندانە بەردەوامەکانى، وتیشى وەک هەموو ئەندامانی تری لێژنەکەمان ستایشى هەوڵەکانى دکتۆر حەسەن فەهمی حەسەن دەکەین بەتایبەت بۆ پشتیوانییە تەکنیکیەکانى.
دکتۆر ئامینە سەباح مەحمود سوپاسى هەڵسنگێنەرەکان و سەرجەم لێژنە و سەرۆکی دانیشتنەکان، قسەکەری سەرەکی و قسەکەرانی وۆرکشۆپ و هەر کەسێک کرد کە یارمەتی سەرخستنى کۆنفرانسەکەیان دا.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، ئەو ئەندامەى ڕێکخستنى چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان بەگرنگیەوە باسى لە کۆنفرانسەکە کرد و وتى: ئەمڕۆ زانستى بایۆلۆجی و زانستە تەندروستییەکان پێگەیەکی نایابیان لە نێوان زانستەکانی تردا داگیر کردوە، ئەوەش نەک تەنیا بۆ گرنگییدان بە تەندروستی مرۆڤ، بەڵکو بۆ ئەو دەستکەوتە زانستی و پزیشکییە گەورەیەی کە لە ڕێگەی توێژینەوەوە بە دەستیان هێناوە، کە هەموو ڕۆژێک شتێکی نوێ پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکەن، وتیشى ئەم جۆرە کۆنفرانسانە دەرفەتێکی بەنرخ بۆ توێژەران دەڕەخسێنێت بۆ هاوبەشکردنی زانین و ئەزموونەکانیان، هەروەک دڵنیایى خۆشى دوپاتکردەوە کە لەو کۆنفرانسەدا ئەزموون و ڕاهێنانی جۆراوجۆریان پێکەوە کۆکردەوە، هیواشى خواست توێژەران سودى زانستیان لە پانێڵەکان وەرگرتبێت و بیرۆکە و ئیلهامی نوێیان بۆ هاوکاری داهاتوو لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ کردبێ.
هەر لە وتارەکەیدا، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئامینە سەباح وتى: حەزدەکەم پیرۆزبایی لە هەمووتان بکەین. پابەندبوونەکە ئاشکرا بوو و زۆر بە ڕوونی بە ئامادەبوون و بەشداری چالاکانەی هەمووتان نیشان دراوە، ئێمە بەڕاستی سەرسام بووین، وتیشى هەموومان دەزانین کە کاری زۆر گرنگتر ماوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نەخۆشییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە تەندروستی و نەهێشتنی نەخۆشیەکان، هەروەها لە ڕێگەی ئەم کۆنفرانسە ڕوون بووەوە کە چەند توێژەرێک بە زەحمەت کار دەکەن و کارى قورس دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابین کە هەموومان ژیانێکی تەندروست و بێ نەخۆشی بژین.
هەر لە وتارەکەیدا، ئەو ئەندامەى لێژنەى ڕێکخستن و زانستى کۆنفرانس ڕونکردنەوەى زیاترى داو وتى: زۆربەی توێژینەوەکان بریتی بوون لە چارەسەرکردنی کێشە گرنگەکانی پزیشکی، مایکرۆبیۆلۆجی و، بایۆلۆجی، بە تایبەت کێشەى دەرمان و چارەسەرە جێگرەوەکان. هەروەها گرنگی خۆراک لە تەندروستی و نەخۆشیکانیش خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لە کۆتایشدا ڕوو لە توێژەرانى ئامادەبوو وتى سوپاس بۆ ئەوەی بەشێک بوون لە سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسە. کۆکردنەوەی ئەزموونی کۆکراوەی هەموو کەسێک لێرە، بەڕاستی ئەوە دەردەخات کە چۆنایەتی چاودێری تەندروستیمان و کارکردنمان بۆ داهاتوویەکی سەلامەت کارێکى حەتمییە.
هەر بەو بۆنەیەوە پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا وتى: خۆشحاڵ بوو بۆ ئەو کۆنفرانسە پڕ چالاکیە زانستیە، کە بەهۆیەوە دەتوانین خزمەتى زانستى لە بوارى بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان پێشکەش بە هەرێمى کوردستان و عێراق و توێژەران و فێرخوازان و کۆمەڵگە بکەین، وتیشى سوپاسى هەموو لێژنەکانى ئامادەکار و بەڕێوەبردن و ڕاگەیاندن و تەکنەلۆژیاى چوارەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان دەکەم، کە لەماوەى شەش مانگى ڕابردودا هەوڵى زۆریاندا، هەروەها سوپاسى بەشدارى کاریگەرى توێژەران لە زانکۆ ئاستبەرزەکانى زیاتر لە (١٠) وڵاتى جیهان دەکەم، کە زانستى خۆیان پێشکەشى کۆمەڵگەى ئێمە کرد، ئەوە جگە لە دوو وۆرکشۆپى نێودەوڵەتى کە گرنگى خۆى بۆ ئەم قۆناخەى ژیانى ئێمە بەگشتى هەیە.
لەبەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، پارچە ڤیدیۆیەک لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەچونى پانێڵەکانى کۆنفرانس نمایش کرا، لە کۆتایشدا، لەلایەن دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ بڕوانامەى بەشداربوون بەسەر توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسدا دابەش کرا.
بەو شێوەیە لەماوەى دوو ڕۆژى چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر دواى پێشکەشکردنى (٥٥) توێژینەوەى ئاستبەرز و ڕەسەن لەلایەن توێژەران لە بوارەکانى بایۆلۆجى و زنستە تەندروستیەکان و پێشکەشکرنى دوو وۆرکشۆپى نێودەوڵەتى و گەڵاڵەکردنى چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاز کۆتایى بەکارەکانى ئەو کۆنفرانسە هات، واش بڕیارە بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیازەکانى کۆنفرانس ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێ بەمەبەستى سود وەرگرتن لە توێژینەوە بەنرخەکان و ئەزمونە نوێیەکان.