چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەکۆمەڵێک دەرئەنجامى گرنگ کۆتایی بەکارەکانى هێنا
لە ڕۆژانى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٣-٤/٥/٢٠٢٣) بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى لۆدزى پۆڵندى و بەئامادبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، (چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان)ى بەڕێوەبرد و، بەخستنەڕووى کۆمەڵێک دەرئەنجام کارەکانى کۆنفرانس کۆتای هات.
لە میانەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، (49) توێژینەوە لە ڕێگەى پێنچ پانێڵى جیاواز، لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى ناوخۆیی و عێراق و نێودەوڵەتى پێشکەشکران، هەروەک دوابەدواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوەکانى ئەو پانێڵانە، لەلایەن ئامادەبووان و بەشداربووانى کۆنفرانسەکە، چەندین پرسیار ئاراستەى توێژەران کرا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەسەرەنج و بۆچون و ڕەخنە زانستیەکانیان توێژینەوەکانیان دەوڵەمەنتر کرد، بەوەش کۆنفرانسەکە گڕوتینێکى زانستى زۆرى لە نێوان ئەندامانى کۆنفرانس دروستکرد، لەهەمانکاتدا توێژەران وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچوونى بەشداربوانیان دایەوە.
لە دواى نێوەڕۆى ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٤/٥/٢٠٢٣)، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە مەراسیمێک کۆتایى بەکارنامەى کۆنفرانسەکە هات، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان وتى: مایەى خۆشحاڵیمانە لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوو نوخبەیەک لە توێژەران و ئەکادیمیستان و زانایان لێرە کۆبونەوە و بەشداربوون لە دەوڵەمەندکردنى ئەزمونى بوارى کارگێڕى و دارایی و هەر پێنچ تەوەرەکەى کۆنفرانس، بەڕاستى مایەى خۆشحاڵیمان بووە کە لە ماوەى دوو ڕۆژدا کۆمەڵێک مامۆستا و توێژەرى ئاستبەرزم لە زانکۆکانى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ژمارەیەک لە وڵاتانى جیهان بینیى.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ هەر لە وتارەکەیدا ڕونیکردەوە کە لەم سەردەمەدا هیچ بوار و سێکتەرێک لە کۆمەڵگە و دەوڵەتەکان نەماوە نەکەوتبێتنە ژێر کاریگەرى هەژمونى تەکنەلۆژیا، هەر لە سەربازى بیگرە تا دەکاتە سیاسى و ئابورى، هەموو ئەمانە ڕوبەڕوى ئاڵنگارى گەورە بونەتەوە، بۆیە ئەگەر نەنتوانىن ئەو ئاستەنگانە تێبپەڕێنین، یان نەتوانین ڕوبەڕویان بینەوە، ئەوا ناتوانین لەگەڵ جیهان بەرەو پێشەوە بڕۆین، ئینجا چ لەسەر ئاستى دەوڵەت بێت یان دامەزراوە ئابوریی و داراییەکان، باشترین ڕێگەش بۆ دەربازبون لەو دۆخە بریتیە لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى، وتیشى هەر لە بنەڕەتدا توێژینەوە بەماناى گەڕانە بەدواى ڕێگەچارى گونجاو بۆ ئەو گرفتانەى ڕوبەڕومان دەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاماژەى بە کاریگەرى توێژینەوەکان لەسەر بوارە جیاکان کرد بەتایبەت ئەنجامدانى توێژینەوە لە کەرتى تایبەت کرد، چونکە زیاتر لە (٨٠%) کەرتى تایبەت کۆمەڵگەکان بەڕێوەدەبن، بۆ ئەوەش هانى توێژەرانى دا توێژینەوەى زیاتر لە کەرتى تایبەت بکەن.
پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ ئاستى زانستى توێژەران و ڕایگەیاند: مایەى خۆشحاڵیە لەم سەردەمەدا تواناى دارایی باش و تواناى ئەکادیمى باش و توێژینەوەى باش هەیە، بەڵام پێویستمان بەژینگەیەکى گونجا و لەبارە بۆ پراکتیزەکردنی توێژینەوەکان لەسەر ئەرزى واقیع، وتیشى لەماوەى ئەم دوو ڕۆژەدا توێژینەوەى ئاستبەرزم بینى، بۆ توێژەرانیشى ڕونکردەوە، کە لەم سەردەمدا چیتر باوى ئەوە نەماوە توێژینەوەى زانستى بە تەنها لەلایەن پسپۆڕیێکەوە بنوسرێ، بەڵکو توێژینەوە پێویستە لەلایەن کۆمەڵێک لە پسپۆڕ شارەزایان بوارێک بنوسرێ، چونکە هەر بابەتێک وەردەگری کۆمەڵێک ڕەهەندى هەیە، ڕەهەندەکانیش پێویستە بەپێى پسپۆڕیەکان لەلایەن توێژەران توێژینەوەیان لەبارەوە بکرێ، ئینجا دەبێتە توێژینەوەیەکى فرە ڕەهەند و تەواو و کاریگەر، هیواشى خواست ساڵى داهاتوو بە توێژینەوەى ئاستبەرز پێکەوە بەشدارى لە پێنچەمین کۆنفرانسى زانستى کارگێڕى و دارایی بکەنەوە.
لە کۆتایی وتەکەشیدا؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاس و پێزانینى تایبەت ئاراستەى هەموو ئەو کەسانە کرد، کە لەماوەى ڕابردودا بۆ سەرخستن و بەستنى ئەم کۆنفرانسەدا کاریان کردوە، لەوانە زانکۆى لۆدز لە پۆڵندا کە هاوبەش و هاوکارى کۆنفرانسەکە بوون، هاوکات سوپاسى لێژنەکانى (زانستى و ئامادەکارى کۆنفرانس، کارگێڕى و دارایى، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیاى زانیارى، پێشوازى و ڕێکخستنى هۆڵەکانى کۆنفرانس)، هەروەها سوپاسى توێژەران و مامۆستایانى کرد، کە بە توێژینەوە بەنرخەکانیان بەشداری کاریگەریان لە کۆنفرانسەکەدا کردوە و، تەوەرەکانى کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەندتر کردوە.
پاشان لەلایەن دکتۆر موفق احمد على ئەندامى لێژنەى ئامادەکارى کۆنفرانس ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیاز و ڕاسپاردەکانى کۆنفرانس خوێندرایەوە، کە تیایدا باسى لە چارەسەرییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ئاستەنگێکیان، کە ڕوبەرى بوارى کارگێڕى و دارایی دەبێتەوە، بۆ ئەوەش وتى: پێویستە سەرجەم دامەزراوە کارگێڕى و داراییەکان لە کەرتى تایبەت و گشتى لە هەرێمى کوردستان و عێراق هەنگاو بەرەو پیادەکردنى سیستمى ئەلیکترۆنى و دیجیتاڵى بنێن، لە پێناو کارئاسانى و ڕایکردنى کاروبارەکان بەشێوەیەکى باشتر و خێراتر، بەشێوەیەک لەگەڵ ئامانج و خواست دامەزراوە و کۆمەڵگەکان بگونجێ. ڕاشگەیاند: کە پێویستە دامەزراوە یاسایی و دەستورییەکان ڕێوشوێنى یاسایی بگرنەبەر و یاسای تایبەت بەو بوارە دەربکەن بۆ ڕیگریکردنى لە گەندەڵى و پاراستنى ئاسایشى ئەلیکترۆنى و، دیاریکردنى سزاى یاسایی بۆ ئەوانەى سەرەپێچى دەکەن، لە پێناو هاندان و ڕاکێشانى وەبەرهێنەرانى بیانى و ناوخۆیی بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە بوارە جیاکان. ئاشکراشیکرد پیادەکردنى سیستمى ئەلکترۆنى و دیجیتاڵى پێویستى بەشیاندن و ڕاهێنانى فەرمانبەران و کارمەندانە بە بوارەکە، بۆیە پێویستە دەرفەتى و هەلى ڕاهێنانى تەواو بۆ کارمەندان لەسەرجەم دامەزراوە جیاکان بڕخسێندرێ، هاوکات ئاماژەى بەچەندین ئەنجام و ڕاسپاردەى دیکەى گرنگ کرد بۆ باشترکردنى دۆخى دارایی و کارگێڕى لەسەردەمى تەکنەلۆژیا.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، کورتە فیلمێک لەبارەى ڕووداوە و چالاکیەکانی چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان نمایشکرا.
لە بڕگەی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانینى پێشکەش بە قسەکارانى سەرەکى کۆنفرانس کرد، لەگەڵ دابەشکردنى بڕوانامەى بەشداربوون بەسەر توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسەکە. بەو شێوەیە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى لۆدزلە پۆڵندا کۆتایی بەکارەکانى (چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان) هێنا، واش بڕیارە ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیازەکانى کۆنفرانس بەمەبەستى جێبەجێکردنى بەرز بکرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.