زانکۆی جیھان – ھەولێر متمانەی دامەزراوەی نیشتیمانی گرنگى بەریتانی بەدەست دەهێنێت
لەچوارچێوەی ستراتیژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی بۆ بەهێزکردن و بەنێودەوڵەتى زانکۆکانى کوردستان و، لە بەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، زانکۆى جیهان – هەولێر، وەک یەکێک لە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان متمانەی دامەزراوەی نیشتیمانی Ecctis بەریتانى بەدەستهێنا.
بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نوسراوێکدا بەژمارە (7115) لە ڕێکەوتى (26/4/2023)، کە واژوى دکتۆر یاسین ساڵح حەمە بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکانى وەزارەتى لەسەرەوە و، ئاراستەى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستانى کردوە و، وێنەیەکى گەیشتۆتە زانکۆى جیهان-هەولێر، تیایدا ئاماژە بە نوسراوێکى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ دانپیانانى (20) زانکۆى تایبەت لە هەرێمى کوردستان لەلایەن دامەزراوەی نیشتیمانی Ecctis بەریتانى.
دامەزراوەی نیشتیمانی Ecctis بەریتانى، یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی جیهان لە بوارى پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ناساندن و هەڵسەنگاندنی بڕوانامە و لێهاتووییەکان و، پێشکەشکردنی چارەسەر لە پەرەپێدانی سیستم و چوارچێوەی پەروەردەی نیشتمانی بۆ جووڵەی پیشەیی و فێرخوازان، لەگەڵ پێشکەشکردنى کۆمەڵێک بەرهەم و ستاندارد و ڕاوێژکاری و چارەسەری تواناسازی بە ڕێکخراوەکانی جیهان.
زیاتر لە هەزار ڕێکخراوی ئەندام- زانکۆ، کۆلێژ، کۆمپانیا و حکومەت- خزمەتگوزاری و ڕاهێنان و سەرچاوەکانی دامەزراوەی نیشتیمانی Ecctis بەریتانى بەکاردەهێنن، لەهەمانکاتدا پشتگیری ڕێکخراوەکان دەکات لە پێگەیاندنى باشترین فێرخواز و کرێکاری لێهاتوو و پیشەیی لە چوارچێوەى پەرەپێدانی بەردەوام و سیستمی پیشەیی دەکات.