گروپى زانکۆکانى جیهان یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە واژۆ کرد
بۆ خزمەتکردن بەپڕۆسەى پەروەردە، ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان واژۆکرد بۆ کردنەوەى خولى ڕێگەکانى وانەوتنەوە بۆ مامۆستایانى پەروەردە لە سەرتاسەرى کوردستان.
ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٧/٢٠٢٢) لە دیوانى وەزارەتى پەروەردە، بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، هەریەک لە دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردە و دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى جیهان یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد.
وەک لە یاداشتەکەدا هاتووە، زانکۆکانى جیهان لە شارەکانى کوردستان، بەهەماهەنگى و هاوکارى وەزارەتى پەروەردە خولى ڕێگەکانى وانەوتنەوە (پێداگۆجى) بۆ (300) مامۆستاى سەر بەوەزارەتى پەروەردە دەکاتەوە و، تەواوى پێداویستیە مرۆیی و لۆجیستى و دارایى خولەکان لە ئەستۆ دەگرێ و، لە کۆتایدا بڕوانامەى دەرچوون لەلایەن زانکۆ بەسەر بەشداربواندا دابەش دەکرێ.
وەک لە یاداشتەکەدا جەختى لەسەر کراوەتەوە، گروپى زانکۆکانى جیهان لە پێناو خزمەتکردن بەبەرژوەندى گشتى و لە سۆنگەی پرنسیپێک کە کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت شانبەشانى یەکتر هاوکار و پاڵپشتى یەکترن ئەم پڕۆژە گرنگە جێبەجێ دەکات.
لە میانەى بەڕێوەچوونى خولەکەدا، کە لە شارەکانى کوردستان بەڕێوەدەچن بەشداربووان لەلایەن ستافێکى شارەزا و بەتواناى زانکۆکانى جیهان ڕاهێنانیان پێ دەکرێ و، ئاشناى نوێترین و پێشکەوتوترین ڕێگەکانى وانەوتنەوە دەکرێن، ئەوەش بەستراتیژە کاریگەرییەکانى بەرزکردنەوەى ئاستى فێربوون و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن، دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردە ستایشى کار و پڕۆژەکانى گروپى زانکۆکانى جیهانی کرد بۆ خزمەتکردن بەپڕۆسەى پەروەردە و خوێندن، هەروەک واژۆکردنى ئەم یاداشتەى بەدەسکەوتێکى زانستى و پەروەردەى نێوان کەرتى گشتى و تایبەت وەسفکرد.
دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى جیهان ڕایگەیاند: ئێمە زانکۆ بەناوەندێک بۆ خزمەتکردن بەکۆمەڵگە دادەنێین، چونکە ئەرکى زانکۆ تەنها پێدانى بڕوانامە نیە، بەڵکو پێگەیاندن و پەروەردەکردنى نەوەکانى دواڕۆژ و خزمەتکردنە بەسێکتەرە جیاکانى کۆمەڵگە، ئێمەش لە زانکۆکانى جیهان هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەین، هیوادارین بتوانین زیاتر خزمەت بەپەروەردە و زانست و کۆمەڵگە بکەین.