ئامادەیی زۆزک لە زانکۆی جیهان-هەولێر چەند بەشێکى زانستیان بەسەرکردەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٣/٣/٢٠٢٢) پۆلێک لە فێرخوازانی ئامادەیی زۆزکی کوڕان لە هەولێر سەردانی زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، چەند بەشێکى زانستیان بەسەرکردەوە.
بە سەرپەرشتی مامۆستا بەرزۆ عەدنان و بە یاوەری مامۆستایان عەدنان حەمەد و سەنگەر ڕەشید، پؤلێک لە ئامادەیی زۆزکى کوڕان، کە لە (20) فێرخوازی پۆلی 12ی ئامادەیی پێکهاتبوون سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، لەسەرەتادا لە بەشى پەروەردەی گشتی لەلایەن دکتۆر ئەحمەد عەبدول عەون سەرۆکی بەشی پەروەردەی گشتی و ستافی مامۆستایانی بەش بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان کورتەیەکى لەبارەى بەشەکەیان و سیستم و پڕۆگرامەکانى خوێندن و شێوازى وانەوتنەوە و چۆنیەتى پێگەیاندنى فێرخوازان بۆ شاندى میوان باسکرد.
دواتر شاندە، بەیاوەرى کتۆر ئەحمەد عەبدول عەون سەردانی پۆلەکانی بەشەکەیان کرد و دەرفەتیان بۆڕەخسا بەشداری لە هەندێک لە وانەکاندا بکەن بۆ ئاشنابوون بەو شێوازە جۆراوجۆرانەی کە لە پرۆسەی فێرکردن و فێربووندا لە بەشی پەروەردەى گشتى لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەکار دەهێنرێت.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى ئامادەیی زۆزکى کوڕان چەند بەشێکى دیکەى زانستیان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى بەشەکان و ستافى زانستى و فێرخوازان بوون، لە کۆتایشدا مامۆستا بەرزۆ عەدنان و وەفدی میوان سوپاسی دکتۆر ئەحمەد عەبدول عەون و ستافی مامۆستایانی بەشیان کرد بۆ ئەو پێشوازیە و، هیوای سەرکەوتنیان بۆ مامۆستایان و فێرخوازانی بەش خواست.