زانکۆى جیهان-هەولێر ژمارەیەک سکۆلەرشیپ بۆ خوێندنى ماستەر لە بوارى دارایی و ژمێریاری و بەڕێوەبردن و ئابووری بەدەست دەهێنێت
شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە پۆڵندا لە میانەى دیدار و کۆبونەوە فەرمیەکانیدا، لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنامەى (٢٠١٩)ى لەگەڵ زانکۆى وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان توانى لە فاکەڵتی ئابورى هەمان زانکۆ ژمارەیەک سکۆلەرشیپ بۆ خوێندنى ماستەر لە بوارى دارایی و ژمێریاری و بەڕێوەبردن و ئابووری بۆ دەرچوانى بەدەست بهێنێت.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٠/٥/٢٠٢٣) لە فاکەڵتی ئابورى زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و شاندى یاوەری لەگەڵ دکتۆر ئیۆنا پۆمیانێک (Dr. Iwona Pomianek) و دکتۆر مۆنیکا ئوتزیگ (Dr. Monika Utzig) یاریدەدەرانى فاکەڵتی ئابورى (VICE-DEAN FOR DIDACTICS) کۆبونەوە و، تاوتوێى وردەکارى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنامەى (٢٠١٩)ى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان هاتووە.
دواى ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاکان و خستنەڕوى چەند پێشنیازێک، لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى (٢٠١٩) هەردوولا لەسەر چەند بابەتێکى گرنگ ڕێککەوتنیان ئەنجامدا، بۆ ئەو مەبەستە فاکەڵتى ئابورى ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى (١٥) دەرچوى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ درێژەدان بەخوێندنى ماستەر لە بوارەکانى (دارایی و ژمێریاری و بەڕێوەبردن و ئابووری)، هاوکات هەردوولا لەسەر پێکهێنانی گروپی توێژینەوە لە نێوان بەشە پەیوەندیدارەکان و، ئاڵوگۆڕی پرۆفیسۆر و فێرخوازان لە نێوان بەشە پەیوەندیدارەکان ڕێککەوتنیان ئەنجامدا، جگە لەوانەش ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی کۆنفرانسی هاوبەش لە بوارەکانی ئابوری و بەڕێوەبردن و دارایی و ژمێریاری وەک چۆن ئەوەى لە ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ لە نێوان کۆلێژ زانستە کارگێڕى و داراییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و فاکەڵتی ئابورى زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی پرۆگرامەکانى خوێندن لە نێوان بەشە هاوبەشەکان بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس خاڵێکى دیکەى ڕێککەوتنامەى نێوان هەردوولا بوو.