زانکۆی جیهان-هەولێر و ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی پسپۆڕی “پەلی دەستکرد” تاوتوێ دەکەن
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٠٢٦/٢/١٨)، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی (ICRC) کرد.
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد کاکەیی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی بەڕێوەچوو، هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی دروستکردنی پردى زانست و هاوبەشییەکی درێژخایەن لە بوارەکانی پزیشکی و چارەسەری سروشتیدا کرد.
پەیوەندییە مێژووییەکان و پێگەی زانکۆ
لە دەسپێکی دیدارەکەدا، شاندی میوان کە پێکهاتبوون لە پریم ساگورتی – Prem Saggurthi) ڕێکخەری پڕۆگرامی چاکسازی جەستەیی (PRP) لە عێراق و، چیا میقداد عەلى جێگری سەرۆکی نێردەی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان، تیشکیان خستە سەر مێژووی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ زانکۆی جیهان-هەولێر ، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٤ لە بواری یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی (IHL)، لای خۆیەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کورتەیەکی لەسەر پێگەی زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکەمین و گەورەترین زانکۆی تایبەت لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، جەختی لەوەش کردەوە کە زانکۆکەیان بەهۆی نەرمی نواندن لە ڕێکارە کارگێڕییەکان و، کارکردن بۆ دروستکردنى ژێرخانێکی بەهێزی وەک نەخۆشخانەیەکی مۆدێرنی ٢٦٠ قەرەوێڵەیی، ئامادەی وەرگرتنی هەر پڕۆژە و پڕۆگرامێکی نوێی زانستییە کە خزمەت بە کەرتی تەندروستی بکات.
پاراستنی دانپێدانانی نێودەوڵەتی (ISPO)
تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پڕۆگرامی بەکالۆریۆس لە “پەلی دەستکرد و ئامێری پاڵپشت (Prosthetics and Orthotics)”، بۆ ئەوەش پریم ساگورتی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پڕۆگرامە تەنها پڕۆگرامە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خاوەنی دانپێدانانی نێودەوڵەتییە لەلایەن ڕێکخراوی (ISPO)، بەڵام بەهۆی ئاستەنگە کارگێڕییەکان لە زانکۆ حکومییەکان و مەترسی لەدەستدانی ئەو دانپێدانانە لە تەمموزی ئەمساڵدا، ڕێکخراوەکەیان بیر لە گواستنەوە یان دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ زانکۆیەکی پێشەنگی وەک “جیهان-هەولێر” دەکاتەوە. ڕوونیشى کردەوە لەم پسپۆڕییەدا بۆشاییەکی گەورەی لە عێراقدا هەیە و پێویستی بە مامۆستای نێودەوڵەتی و سیستمێکی وردی فێرکردن هەیە، کە زانکۆی جیهان-هەولێر دەتوانێت دابینی بکات.
ئاسۆی داهاتوو و هەنگاوە کردەییەکان
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەرەپێدانی پڕۆگرامی ماستەر لە بواری پەلی دەستکرد کرا، کە ئێستا لە عێراقدا بوونی نییە. سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە ٩٢٪ی دەرچووانی زانکۆکەیان لە کەرتی تایبەت و پڕۆژە جیاوازەکاندا دامەزراون، ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی پڕۆسەی فێربوونە لە زانکۆکەدا. لە کۆتایی دیدارەکەدا، بڕیار درا لیژنەیەکی پسپۆڕ لە نێوان هەردوولا پێکبهێنرێت و شاندی خاچی سوور پڕۆپۆزەڵێکی فەرمی پێشکەش بکەن، تاوەکو لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، نەخشەڕێگەیەکی یاسایی و زانستی بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە و پاراستنی دانپێدانانە نێودەوڵەتییەکە دابڕێژرێت.








