سێیەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى (ئاراستە نوێیەکان لە یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان) لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانكۆی جیهان – ههولێر بههاوبهشی لهگهڵ زانكۆی (جدارا)ى ئوردنى، سێیەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى (ئاراستە نوێیەکان لە یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان) دەستپێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (١٥/١٢/٢٠٢١)، بەئامادەبوونى نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ژمارەیەکى بەرچاو لە سەرۆکى زانکۆکان و، فوئاد خازر ئەلمەجالی کونسوڵگەرى گشتى شانشینى هاشمى ئەردەنى لە هەرێمى کوردستان و، ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، سێیەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان و، خوێندنەوەى چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز، کۆنفرانسەکە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد.
پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و مامۆستایان و توێژەران و میوانان بەگرنگیەوە باسى لە هەنگاوەکانى ئامادەکردنى کۆنفرانسەکە کرد و، ڕایگەیاند: ئەم کۆنفرانسە بەرهەمى شەش مانگى کارى بەردەوام و پێکەوەییە، توێژینەوەکانیش کۆمەلێک بابەتى زیندو و هاوچەرخى لە بوارەکانى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى لەخۆگرتووە، کە دابەشى سەر شەش تەوەر کراون و، لەلایەن توێژەرانەوە دەخرێنەڕوو.
سەبارەت بەکۆنفرانسەکە، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر هەر لە وتارەکەیدا ڕاگەیاند: ‘ ئەم کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەوە وێستگەیەکى نوێ و ئەزمونێکى نوێیە بۆ چالاکى کۆلێژەکانمان، کە لەلایەن زانکۆکەمانەوە ساڵانە ڕێکدەخرێ، کە لە ڕێگەیەوە دید و ڕوانگەی توێژەر و زانایانی بوارە جیاوازەکان دەخرێنەڕوو و، بیرۆکەى نوێ گەڵاڵە دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆى پتەوبوون و بەهێزکردنى ئەنجام و ڕاسپاردە و دەرئەنجامە و پێشنیازەکان لە بوارى گرنگیدان بەیاسا و پتەوکردنى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان.
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر (محمد تاڵب موفلح عوبیدات) سەرۆکى زانکۆى جدارا لە شانشینى هاشمى ئەردەنى دواى خۆشحاڵى دەربڕین و بەخێرهێنانى ئامادەبووانى کۆنفرانسەک وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا باسى لە گرنگ و چۆنیەتى بەستنى ئەو کۆنفرانسە هاوبەشە کرد لە پێناو بایەخدانى زیاتر بەلایەنى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، وتیشى ئەم کۆنفرانسە بەرهەمى کارى هاوبەش و پێکەوەییە، وتیشى زانکۆکەمان بەتوێژینەوەى ڕەسەن و ئاستبەرز کە لەگەڵ پێداویستیەکانى ڕۆژگار یەکدەگرنەوە هاوبەشیکردوە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جدارا باسى لە کارنامەى زانکۆکەى کرد بۆ بایەخدان بەلایەنى زانستى و چۆنیەتى بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن بەتایبەت لە بوارى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆکەیان.
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، دکتۆر سەباح ابراهیم وەیس ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەنوێنەرایەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە سەرەتاى وتارەکەیدا بەناوى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەبەڕێوەچوونى سێیەمین کۆنفرانس کە تایبەتە بە دوو بوارى زۆر گرنگ لە بوارى یاسا و پەیوەندییە نێوەدەوڵەتیەکانە و، لەلایەن دوو زانکۆى ڕەسەن، زانکۆى جیهان-هەولێر و بەهاوبەشى زانکۆى جدارا لە ئوردون بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە سەرۆکى هەردوو زانکۆکە کرد بۆ ئەو برایەتى و هاوکارى و هاوبەشە زانستیە لە نێوانیان دروستیان کردوە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: سیاسەتى وەزارەت بریتیە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەم جۆرە هاوکارى و هەماهەنگیە زانستیەى کە لە نێوان زانکۆکان بەڕێوەدەچێت بۆ پەرەپێدان بەئاستى زانستى و مەعریفى و ئاڵوگۆڕى زانستى نێوان توێژەران و مامۆستایان.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا بەگرنگیەوە باسى لە ڕۆڵى گرنگى شانشینى هاشمى ئوردوى کرد لە پاڵپشتیکردن و پشتیوانیکردنى گەلى کورد، وتیشى لە بوارى خوێندنى باڵادا هەوڵى گرنگ دەدات بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و دڵنیایی جۆرى لە زانکۆکان لە تێکڕاى ئاستەکانى خوێندن، لەهەمانکاتدا بایەخى زۆر بەکواڵیتى توێژینەوەى زانستى دەدات، جا لەلایەن توێژەران یان مامۆستایانى زانکۆ ئامادە بکرێ، بۆیە زانکۆکانى ئوردونیش لە ئاست ئەو زانکۆیانە دەبینین، کە ڕۆڵ و پێگەى زانستى گرنگیان هەیە.
دواتریش دکتۆر نەوزاد باجر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى خوێندەوە، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبووان، هیواى خواست بەشێوەیەکى پراکتێکى بایەخ بەو زانست و زانیاریانە بدرێ، کە لەمیانەى توێژینەوەکان بەدەست دێن، هەروەک پشتیوانى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهانى بۆ ڕیکخستن و بەڕێوەبردنى ئەو کۆنفرانسانە دوپاتکردەوە.
دواى ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکە، بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستپێکرد و، لە ڕۆژى یەکەمدا چەند لە ڕێگەى چەند پانێڵێکەوە توێژینەوەکان خرانەڕوو.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دوو ڕۆژى دەخاێنێت، تیایدا (٦٤) توێژینەوەی ئاست بەرز لەلایەن توێژەران و پسپۆڕان و مامۆستایانى زانکۆ لە ڕێگەى (٦) پانێڵى جیاوە دەخرێنەڕوو، لەسەر ئاستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق توێژەران بە ( ٥٠) توێژینەوە بەشداریان کردووە، لەهەمانکاتدا (١٤) توێژینەوەى توێژەران لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان بەتایبەت لە زانکۆکانی (ئوردن، لوبنان، سەڵتەنەى عومان، ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو، مصر و تورکیا) دەخرێنەڕوو، سەربارى ئەوەش کۆنفرانسەکە، لەلایەن ژمارەیەک قسەکەر (Keynote speakers) بەڕێوەچوو.
زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى هەرێمى کوردستان، لە ڕێگەى پێشکەشکردن و بەستنى ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتیە زانستیە جۆراوجۆرانە، توانیویەتى ڕۆڵی گرنگ بگێڕى لە پێشخستن و بوژانەوەى سەرخانى هەرێمى کوردستان و، پڕکردنەوەی پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و پتەوکردنى پایەکانى بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق و، چارەسەرکردنى کێشە یاسایی و سیاسى و ڕۆژنامەوانیەکانى هەرێمى کوردستان.