
سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى چاودێرى چاو بینین سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانی بۆ سەنتەری پزیشکیی چاو ڕێکخست
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 26, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 25ی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى چاودێرى چاو بینین لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بۆ سەنتەری پزیشکیی چاو لە نەخۆشخانەی سویدی لە هەولێر ڕێک خست.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر هەتاو نەجمەدین و، بە ئامادەبوونی سەرۆکی بەش مامۆستای یاریدەدەر عومەر عادل محەممەد عەلی بەڕێوە چوو.
ناساندنی ئامێرە پێشکەوتووەکانی پشکنینی چاو
لە سەردانەکەدا، فێرخوازان لەلایەن پسپۆڕی پزیشکیی چاو دکتۆر سەرتیپ عەبدولڕەحمان یوسف و، تەکنیکاری ئامێرەکان خاتوو خەناف ڕەشید محەممەدەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا،.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى سەنتەرەکەدا ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلیان دەربارەی گرنگترین ئەو ئامێرانە پێشکەش بە فێرخوازان کرد کە لە تەکنیکەکانی پشکنینی بیناییدا بەکار دەهێنرێن، لەوانە تابلۆی پشکنینی تیژیی بینین (Vision Chart) بۆ پێوانی ئاستی بینین و دیاریکردنی ڕوونیی بینایی، ئامێری پێوانی شکانەوەی خۆکار (Auto Refractometer) بۆ خەمڵاندنی خێرا و وردی کێشەکانی شکانەوە وەک کورتبینی، دووربینی و ئاستیگماتیزم.
سەرەڕای ئەمانە، چەندین ئامێری تریش لە سەنتەرەکەدا ناسێنران، لەوانە ئامێری پێوانی پەستانی چاو (Tonometer) بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی بەرزبوونەوەی پەستانی چاو کە پەیوەستە بە نەخۆشیی ئاوی ڕەشەوە (Glaucoma). ئامێری وێنەگرتنی تیشکیی چاو (OCT)، ئامێری پشکنینی ڕووی گلێنە (Corneal Topographer) و، ئامێری پشکنینی مەودای بینایی (Visual Field).
ئەرکەکانی تەکنیکار
هاوکات، هەر لە میانەى ڕوونکردنەوەکانیاندا پزیشکانى سەنتەرەکە دیارترین ئەرکەکانی تەکنیکاریان لەم بوارەدا و، ئەو ڕێکارانەی لە کاتی پشکنینی نەخۆشدا پەیڕەو دەکرێن بۆ فێرخوازان بەوردى باسکرد، هەر لە پێشوازیکردن لە نەخۆش و ئامادەکردنی بۆ پشکنین تا دەگاتە ئەنجامدانی پشکنینە پێویستەکان و تۆمارکردنی ئەنجامەکانیان.
گفتوگۆى ئەرکەکانى دیکە
دواتریش بەشێوەیەکى مەیدانى فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای ژینگەی ڕاستەقینەی کارکردن لە ناو سەنتەرێکی تایبەتمەندی پزیشکیی چاو بوون، لەگەڵ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئامێرەکان و پێشوازیکردن لە چارەسەرخوازان.
داهاتویەکى باشتر
لە کۆتاییی سەردانەکەشدا، دکتۆر سەرتیپ عەبدولڕەحمان یوسف جەختی لەسەر گرنگیی ئەم جۆرە سەردانانە بۆ فێرخوازانی قۆناغی یەکەم کردەوە و، ئاماژەی بەوە دا کە یارمەتیدەرن لە دروستکردنی دیدگایەکی داهاتووی ڕوون دەربارەی بوارەکەیان و، پێدانی وێنایەکی پێشوەختە سەبارەت بە سروشتی کارەکەیان دوای دەرچوون.
You may also like


