شاندێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا، بە ئەندامیەتى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەردانیکردنى زانکۆی پۆلیتەکنیکی کڕاکۆڤ درێژەیان بە گەشتەکەیان دا
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تەممووز 18, 2026
لە بەردەوامى سەردانى شاندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەسەرکردنەوەى زانکۆکانى پۆڵندا، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٦/٧/٢٠٢٦)، سەردانى سەرۆکى زانکۆی پۆلیتەکنیکی کڕاکۆڤ (Krakow University of Technology) کرد.
شاندەکە بە گەیشتنیان لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەندرێی شاراتا (Professor Andrzej Szarata, PhD, DSc) سەرۆکى زانکۆی پۆلیتەکنیکی کڕاکۆڤ پێشوازییان لێکرا، لە کۆبونەوەیەکدا، کە بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر کاتارزینا بیزۆن (Professor Katarzyna Bizoń, PhD, DSc) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندن و هەماهەنگی نێودەوڵەتی (Vice-Rector for Education and International Cooperation) و، کاتارزینا بارۆن لیسیاکیڤیچ (Katarzyna Baron-Lisiakiewicz, MA) بەڕێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (Head of the International Relations Office) بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چەندین بابەتى هاوبەشى زانستى نێوانیان کرا.
بۆ ئەوەش سەرەتا دکتۆر ئەمیر چالی بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەرۆکى شاندەکە، دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییەى کرد، ئینجا کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخى خوێندنی باڵا و ژێرخانی زانستیی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، پاشان سەرۆکى هەریەک لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسیان لە بارودۆخى زانستى و ئەکادیمى و ئاستى پەیوەندییەکانى زانکۆکانیان و، ستراتیژى کارکردنیان کرد، لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەوردى باسى لە مێژوو و پێکهاتە و پێگەى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، هەروەک ڕونکردنەوەى لەبارەى پرۆگرام و سیستمى خوێندن و ستافى زانستى زانکۆ کرد .
لە بەرامبەردا پڕۆفیسۆر ئەندرێی شاراتا (Professor Andrzej Szarata, PhD, DSc) سەرۆکى زانکۆی پۆلیتەکنیکی کڕاکۆڤ خۆشحاڵى بەو سەردانە پیشاندا، پاشان گفتوگۆیان لەبارەى ئەزمونەکانی یەکتر لە بوارە جیاوازەکان کرد، بۆ ئەوەش شاندى هەرێمى کوردستان باسیان لە ئەزمونى بە بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان، پەرەپێدانى سیستمی دڵنیایی جۆری و بەهێزکردنی پێگەی دامەزراوە ئەکادیمییەکانى هەرێمى کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی زانستی نێودەوڵەتیدا کرد.
بۆ ئەمەش جەخت لە گرنگی هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ئەکادیمییە ئەوروپییەکان کرایەوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری سیستمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، لەوانەش پێشخستنی میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندنی کوالیتی، پرۆسەکانی متمانەبەخشین (accreditation) و هەوڵەکانی بە نێودەوڵەتیکردن.
شاندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهاتوون لە دکتۆر محەمەد کەلاری، سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری، دکتۆر سەباح ئیبراهیم وەیس، ڕاوێژکاری وەزارەت، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، سەرۆکى هەریەک لە زانکۆکانی (سەڵاحەدین، پۆلیتەکنیکی هەولێر، و تیشک)، ماوەى چەند ڕۆژێکە ئەم شاندە بە بانگهێشتى فەرمى چەند زانکۆیەکى وڵاتى پۆلندا بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەگەڵ پۆلندا سەردانى ئەو وڵاتەیان کردوە و، تا ئێستا چەندین دیدار و کۆبونەوەى زانستیان لەگەڵ چەند زانکۆیەکى ئەو وڵاتە ئەنجام داوە.



