
فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان لە قوتابخانەی نەهری بنەڕەتی باس لە چۆنیەتى پاراستنى دەم و ددان بۆ قوتابیان دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 15, 2026
گروپێک لە فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی پەروەردەییان بۆ قوتابخانەی نەهری بنەڕەتی لە ڕۆژی پێنجشەمە ١٢/١١/٢٠٢٦ بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر ساوێن تەحسین تەها، بە بەشداری قوتابیانی قۆناغی دووەم، سازکرد.
شاندەکە سەرەتا لەلایەن خاتوو شەهلا عەبدوڵڵا حەمەد ئامین بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، لە وتەکدا ستایشى هەوڵەکانی فێرخوازانى کۆلێژى پزشکى ددانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە پێشخستنی هۆشیاری تەندروستی دەم و ددان لەنێو منداڵاندا کرد.
پاشان فێرخوازان دەستیان بە چالاکیەکەیان کرد بۆ ئەوەش سەرەتا دانا برزۆ عەوڵا ڕوونی کردەوە کە چۆن جۆرە جیاوازەکانی خۆراک کاریگەرییان لەسەر تەندروستی ددان هەیە، هەروەک تیشکی خستە سەر کاریگەرییە زیانبەخشەکانی خۆراکە شیرینەکان و بەشداریکردنیان لە خراپبوونی ددانەکاندا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا هاوژین هەنگاو شێرزاد باسى لە چۆنیەتى خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە شیرینەمەنیەکانى تر کرد کە بەشدارن لە خراپبوونی ددان و وەرینی مینای ددان.
لەلایەکى دیکەوە خەڵات وەسمان محەمەدەمین تیشکی خستە سەر گرنگی خۆراکی هاوسەنگ و هەڵبژاردنی خۆراکی دۆستی ددان بۆ پاراستنی ددان بەهێز و تەندروست.
پاشان دیدان فەخرەدین عەبدولڕەحمان بەشێوەیەکى کردارى باسى لە تەکنیکە دروستەکانی بەکارهێنانى فڵچەی ددانی بۆ قوتابیان کرد بەتایبەت لە چۆنیەتی پاککردنەوەی ددانەکانی بە شێوەیەکی کاریگەر، هەروەها ڕوونکردنەوەى لەبارەى ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی پلاکی ددان و کێشەی ددان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
لە بەشى کۆتایی بەشى یەکەمى چالاکیەکەیاندا ئەحمەد خەلیل قادر جەختی لەسەر گرنگی فڵچە شۆردنی ڕۆژانە دووجار و پاراستنی پاکوخاوێنی دەم و ددان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و پەیڕەوکردنی خشتەی فڵچەی ددان کردەوە.
لە بەشى دووەمى چالاکیکەیاندا، فێرخوازانى بەشداربوو کارتی خشتەی فڵچەی ددان و مەعجونی ددان و فڵچەی ددانیان بەسەر منداڵانی قوتابخانەدا دابەشکرد بۆ هاندانی خووی تەندروست بۆ پاکوخاوێنی دەم و ددان.
لە کۆتایی سەردانەکەدا ئیدارەی قوتابخانە سوپاسنامەیەکی پێشکەش بە شاندەکە کرد وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشدارییە بەنرخەکەیان لە بەرەوپێشبردنی هۆشیاری تەندروستی دەم و ددان لە نێوان منداڵانی قۆناغی سەرەتاییدا.



