Back

فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ هۆشیاری لەبارەی زیانەکانی بۆیەی نینۆک و  جوانکاری لە قوتابخانەیەک بڵاودەکەنەوە

کۆمەڵێک لە فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد سەردانی قوتابخانەی “بەهار”ی بنەڕەتیی کچانیان کرد  و، چالاکیەکیان بەناونیشانى “زیانەکانی بۆیەی نینۆک و پێداویستیەکانى جوانکاری بۆ منداڵان” پێشکەشکرد.

لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 05/10/2026 بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن شۆنم خەلیل تۆفیق، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.

پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ناوەڕۆکى بابەتەکەیان پێشکەش بە  قوتابیانی پۆلی هەشتەم کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا میهربان صدیق رحمن، فێرخوازی قۆناغی چوارەم ڕوونەوەیەکى وردى زانستى بەزمانێکى سادە لەبارەى بابەتەکانى جوانکاری و بۆیەی نینۆک کە بۆ مەبەستی جوانکاری بەکاردێن پێشکەشى قوتابیان کرد و وتى: ئەم بەرهەمانە چەندین ماددەی کیمیاییان تێدایە کە ڕەنگە کاریگەریی زیانبەخشیان بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ هەبێت، بەتایبەتی لە کاتی بەکارهێنانیان بە شێوازێکی نادروست یان زێدەڕۆیی.

پاشان سندس هیوا قرنی، فێرخوازی قۆناغی چوارەم جەختی لەسەر پێویستیی خۆهۆشیارکردنەوەى منداڵان و مێردمنداڵان لە بەکارهێنانی بابەتەکانى جوانکاری کردەوە؛ بەپێی ئەوەی پێستی منداڵان هەستیارترە بەراورد بە پێستی پێگەیشتووان، بۆ ئەو مەبەستەش ڕوونی کردەوە لە کاتی بەکارهێنانی ئەم بەرهەمانەدا، دەبێت ئەو بەرهەمانە هەڵبژێردرێن کە بە تایبەتی بۆ مێردمنداڵان و گەنجان تەرخانکراون، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی لادانی مکیاج بەرلە نووستن کردەوە، لەگەڵ خراپى هێشتنەوەی بۆیەی نینۆک لەسەر نینۆکەکان بۆ ماوەیەکی درێژ.

لە بڕگەی کۆتایی سیمینارەکەدا، میهربان عبد الخالق، فێرخوازی قۆناغی سێیەم تیشکی خستە سەر گرنگیی هاوسەنگیکردن لە نێوان جوانکاری و تەندروستیدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “جوانکاری گرنگە، بەڵام تەندروستی گرنگترە”.

لە کۆتایی چالاکیەکەیاندا؛ فێرخوازان کازێوە کەریم (لە قۆناغی سێیەم) و ژێنەر سامی (لە قۆناغی دووەم)، تەڕکەرەوەی لێو و کرێمی دەستی دەوڵەمەند بە ڤیتامینەکانیان بەسەر قوتابیاندا دابەش کرد، ڕوونیشیان کردەوە ئەم بەرهەمانەی چاودێریکردنی پێست و لێو دەبنە هۆى پاڵپشتیکردن و چاودێریکردنی پێست لە وەرزی پاییزدا، کە سەرمای کەشوهەوا و وشکی زۆرجار دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست و قڵیشانی لێوەکان.