Back

فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان لە لووتکەی هەولێر بۆ شێرپەنجەی مەمک کرد

ژمارەیەک لە فێرخوازانی هەریەک لە بەشەکانى (بایۆمیدیکاڵ، بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى ون پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 12/10/2026، بەشدارییان لە “لووتکەی هەولێر بۆ شێرپەنجەی مەمک” کرد، کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی “ئاشتی” ڕێکخرابوو.

لەو لوتەکەیەدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانی سەعد عەبدوڵڵا لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، لووتکەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان و پیشەوەرانی کەرتی تەندروستی بەڕێوەچوو.

لە وتاری دەستپێکدا، دکتۆر دلۆڤان محەمەد ڕایگەیاند: لە ئایندەیەکی نزیکدا نەخۆشخانەیەکی گەورەی تایبەتمەند بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە شاری هەولێر دەکرێتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت بەشدار بێت لە بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و فراوانکردنی ئاستی بەدەستهێنانی چاودێریی تایبەتمەند بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە.

هاوکات دکتۆرە هەرمێ جەلال، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و بەڕێوەبەری سەنتەری هەولێر بۆ شێرپەنجەی مەمک، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەردەستبوونی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی وێنەگرتنی مەمک (مامۆگرافی) لە سەنتەرەکەدا و، ڕوونی کردەوە ئەم تەکنەلۆجیایە ڕێگە بە پشکنینی ژمارەیەکی زۆرتری نەخۆشان دەدات، کە بەشدار دەبێت لە فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی پشکنین و دۆزینەوەی شێرپەنجەی مەمک و باشترکردنی دەرفەتەکانی گەیشتن بە دەستنیشانکردنی پێشوەختە.

لەو لوتەکەیەدا، فێرخوازانی هەریەک لە بەشەکانى (بایۆمیدیکاڵ، بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى ون پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ) لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆڵێکی کارایان لە ڕێکخستنی لووتکەکەدا گێڕا، ئەوەش لە ڕێگەی هاوکاریکردن لە ڕێکارەکانی تۆمارکردن و پێشوازیکردن لە بەشداربووان، ئەوە جگە لە ئامادەبوون و بەشداریکردن لە گفتوگۆکاندا.

لووتکەکە چەندین تەوەری سەرەکیی پەیوەندیدار بە شێرپەنجەی مەمکى لە خۆگرتبوو، لەوانەش نیشانە و دەردەکان، هۆکارە بۆماوەییەکانی پەیوەندیدار بە شێرپەنجەوە، بەرەوپێشچوونەکان لە چارەسەری وردی شێرپەنجەی مەمک، پشکنینی مەمک و، بەرنامەکانی پشکنین و دۆزینەوەی پێشوەختە.

هەروەها لە لوتەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و دەستنیشانکردن لە کاتی گونجاو لە باشترکردنی ئەنجامە چارەسەرکارییەکان بۆ نەخۆشانی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک کرایەوە.