فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی زانکۆی کینگستۆن لە لەندەن دەکەن
- Categories بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی, زانستی كۆمپیوتەر, کۆلێژی دەرمانسازی
- Date تەممووز 12, 2026
وەک پەراوێزى بەشداریکردنیان لە خولى تایبەت بە پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى لە بەریتانیا، شاندى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، سەردانێکی زانستییان بۆ زانکۆی “کینگستۆن (Kingston University London)” لە شانشینی یەکگرتوو ئەنجامدا، کە یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکان لە بواری زانستە پزیشکییەکان و دەرمانسازیدا.
شاندەکە پێکهاتبوو لە فێرخوازان (عەلی ماهر داود)، فێرخوازی قۆناغی چوارەم لە بەشی شیکاریی تاقیگەیی پزیشکی و، (ڕێکەوت عەبدوڵا ڕەسول)، فێرخوازی قۆناغی چوارەم لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر، بە یاوەری (دکتۆر ئەنەس ئەلخووری) و، بە ژێر سەرپەرشتی (دکتۆر محەمەد نوسەیری) و (حەسەن حەدیسی) لە ڕێکخراوی IFG سەردانەکەیان ئەنجامدا.
لە میانی سەردانەکەدا، شاندەکە بەشە جیاوازەکانی خوێندنی باڵای زانکۆکەیان بەسەرکردەوە، کە تێیدا ئاشنای پڕۆگرامەکانی ماستەر، تاقیگەکانی وانەوتنەوە و توێژینەوە، کتێبخانەی ناوەندی و سەنتەری توێژینەوە بوون. ئەم سەردانە تێڕوانینێکی بەپێزی بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەربارەی ژینگەی ئەکادیمی پێشکەوتووی زانکۆی کینگستۆن و تواناکانی لە بواری توێژینەوەی دەرمانسازی و زانستە پزیشکییەکاندا بەخشى.



