لە جیهانیی تەندروستیی دەروونیدا؛ فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی هەڵمەتێکی هۆشیاریی تەندروستیی دەروونی بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی 10/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان–هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاریی تەندروستیی دەروونییان لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبرد.
لەو هەڵمەتەدا، کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی دەروونی، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر مەروە مەحمود ئەمین بەڕێوەچوو، هەریەک لە فێرخوازان سووکار فەرهاد عثمان، شایان پشتيوان ظاهر، سیاڤ هێرش ڕامز و، شانیا سیروان حەمەد تێیدا بەشدار بوون.
لە کاتی هەڵمەتەکەدا، فێرخوازان نامیلکەی هۆشیارییان لەبارەی بابەتەکانی تەندروستیی دەروونی، خۆشگوزەرانیی عاتیفی، شێوازەکانی گونجانی تەندروست و، گرنگیی داواکردنی پاڵپشتی لە کاتی پێویستدا دابەش کرد.
نامیلکەکان زانیاریی پێویستیان لەبارەى تەندروستیی دەروونی و درککردن بە بەهای پەیوەندییە پاڵپشتیکارەکان لە خۆگرتبوو، جگە لەوەش لە ڕێگەی دیالۆگی هۆشیارییەوە، فێرخوازان هانی سەردانیکەرانی پارەکەکەیاندا لە ڕەفتارە ڕۆژانە سادەکانیاندا بەشدارى لە بەرزکردنەوەی تەندروستیی دەروونییان بکەن.
لەو چوارچێوەیەشدا، ئاماژەیان بە پیادەڕۆیی کرد، کە هاوکارە لە بەدەستهێنانى بڕی پێویستی ئارامبوونەوە، لەگەڵ پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوڕێیاندا. هەروەها داوا لە سەردانیکەران کرد بەشداری لە پەیامی ئەرێنی و هاندەرانەدا بکەن، کە بەهای هیوای تێدا بەهێز دەکرێت.
