لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى (یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان) دەستى بەکارەکانى کرد
بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانكۆی جیهان – ههولێر بههاوبهشی لهگهڵ زانكۆی (جدارا)ى ئوردنى، چوارەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی بەناونیشانى (چوارچێوە یاسایی و ڕامیارییەکانى حکومەتى پێگەیشتوو) دەستپێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٦/١٢/٢٠٢٣)، بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر محمد حسین نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و، پرۆفیسۆر دکتۆر حابس محمد حتاملە سەرۆکى زانکۆى شانشینى هاشمى ئوردنى لە هەرێمى کوردستان و، ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، چوارەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی بەناونیشانى (چوارچێوە یاسایی و ڕامیارییەکانى حکومەتى پێگەیشتوو) بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان و، خوێندنەوەى چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد.
پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى سەرۆکى زانکۆى جدارا و سەرۆکى زانکۆکان و ڕاگر و مامۆستایان و توێژەران و میوانان، بە بایەخەوە باسى لە هەنگاوەکانى ئامادەکردنى کۆنفرانسەکە کرد و، ڕایگەیاند: ئەم کۆنفرانسە بەرهەمى زیاتر لە شەش مانگى لە کارى بەردەوامى هاوکارانمە لە هەردوو زانکۆیە بەشداربوو.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ لایەنە جیاکانى کۆنفرانسەکە و ڕونیکردەوە لەم کۆنفرانسەدا (51) توێژینەوەى ڕەسەن و ئاستبەرز لەلایەن توێژەران و مامۆستایان و ئەکادیمیستان لە زانکۆکانى ئوردون، لوبنان، سەڵتەنەتى عومان، لیبیا، میسر، تورکیا، عێراق و هەرێمى کوردستان دەخرێتەڕوو، کە تایبەتن بە بابەتە گرنگەکانى ڕۆژ لە بوارەکانی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەوانە بنەما یاساییەکان، مەرجە سیاسییەکان، ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، بونیادنانی زانیاری و، زیرەکی دەستکرد.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ لاینە گرنگەکانى کۆنفرانسەکە و ڕایگەیاند: هەموو ئەو توێژینەوانەى لە کۆنفرانسەکەدا دەخرێنەڕوو باس لە ڕۆڵى حکومەتێکی باش و، پێشخستن و بەهێزکردنی حکومەت لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە دەکات، لەگەڵ هەنگاونان بەرەو بیناغەیەکى یاسایی بۆ بوارى ئەلیکترۆنی و، هاوسەنگ بوون لەگەڵ پێشکەوتنەکانی بواری زیرەکی دەستکرد، کە دەتوانێت کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر پەرەپێدانى حکومەت هەبێت و بتوانێت بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت، ڕونیشیکردەوە تەوەرەکانى کۆنفرانس لە ڕووى زانستیەوە دەبێتە بنەمایەکى زانستى گرنگ بۆ پەرەپێدانى لایەنى زانستى و سەرخانى بنەما زانستیەکان پتەو دەکات.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ دەسکەوتەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و ڕاگەیاند: زانکۆکەمان بایەخ و گرنگى تایبەت بە توێژینەوەى زانستى دەدات، هەر ئەوەش وایکرد لە ماوەى مانگى ڕابردودا لە نوێترین ڕیزبەندى تایمزى بەریتانى بۆ خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى عەرەبى (Times Higher Education- Arab University Rankings 2023) زانکۆی جیهان-هەولێر توانى ببێتە یەکەمى سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان و، دووەمى زانکۆ حکومی و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان، هاوکات ئەمڕۆ لە لە ڕیزبەندى (AD Scientific Index) ؛ زانکۆى جیهان-هەولێر بووە یەکەمى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان.
وتیشى زانکۆکەمان نەک هەر لە سەر ئاستى مامۆستایان و توێژەران بابەخ بە توێژینەوەى زانستى دەدەین، بەڵکو لەسەر ئاستى خوێندنى بەکالۆریۆسیش تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ فێرخواز توانیویانە توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە ئاستبەرزەکانى جیهان بڵاو بکەنەوە، جگە لەوەش زانکۆکەمان خاوەن چەندین تاقیگەى زانستى ئاستبەرزە بۆ توێژەران و فێرخوازان بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى.
لە کۆتایی وتارەکەیدا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونیشیکردەوە، هەموو ئەو دەستکەوتانەی سەرەوە بە هاوکاری و پاڵپشتی زانکۆی جدەرارا، بەتایبەت سەرۆکى زانکۆ و ڕاگری فاکەڵتی یاسایی و پرۆفیسۆرە بەڕێزەکانی بەدەست هاتوون، ئەمەش پێویستی بەوەیە کە ئێمە سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان ئاراستەیان بکەین. هەروەک هەموو ئامادەییەکى زانکۆی جیهان-هەولێرى بۆ تاوتوێکردنى بابەتە سەردەمیەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ڕێگەى کۆنفرانسى زانستى لە بوارە جیاکان دوپاتکردەوە.
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر (حابس محمد حتاملە) سەرۆکى زانکۆى جدارا لە شانشینى هاشمى ئەردەنى دواى خۆشحاڵى دەربڕین و بەخێرهێنانى ئامادەبووانى کۆنفرانسەک وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا وتى: سوپاس و پێزانینی زۆرم ئاراستەی زانکۆی جیهان-هەولێر و پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دەکەم بۆ ڕێکخستن ۆ هاوبەشی و هاوکارییان بۆ ڕێکخستنى ئەو کۆنفرانسە، وتیشى ئێمە زانکۆی جیهان-هەولێر بە چرای زانست دادەنێین، بەهۆی ڕۆڵی سەرەکی و هاوکاری بێوێنەی لە دەوڵەمەندکردن و سەرخستنی ئەم کۆنفرانسە ناوازەیە.
سەبارەت بە کۆنفرانسەکەش ووتى: مایەى خۆشحاڵیە لەم کۆنفرانسەدا گفتوگۆ لەسەر بابەتێکی گرنگ دەکرێت، ئەوەش حکومەتێکی باشە چونکە ئەم بابەتە بە بناغەیەکی بنەڕەتی بۆ پەرەپێدان و و خۆشگوزەرانی بەردەوام لە کۆمەڵگەکانمان دادەنرێت، بۆ ئەوەش توێژەرانى ڕاسپارد ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و هاوبەشکردنی دیدگا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە هەمەچەشنەکانەوە بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر کە دادپەروەری و شەفافیەت و لێپرسینەوە زاڵ بێت.
سەرۆکى زانکۆى جەدارا بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ لایەنە گرنگەکانى حکومەتى باش و پراکتیزەکردنى یاسا، مافی مرۆڤ، شەفافیەت، لێپرسینەوە، و کاریگەری لەسەر پەرەپێدانى کۆمەڵگە و حکومەتەکان، ڕونیشیکردەوە حکومەتى باش بابەتێکە لە ساڵی (١٩٩٥)ەوە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەک پایەیەک گرنگ بۆ گەشەپێدانى ئابورى و بەهێزکردنی سەروەری یاسا و کارایی و لێپرسینەوە لە کەرتی گشتیدا جەختى لەسەر کردۆتەوە، لە کۆتایشدا هیواى سەرکەوتنى بۆ کارنامەى کۆنفرانسەکە خواست.
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر محمد حسین سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتیارى و دڵنیایی جۆرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەنوێنەرایەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە سەرەتاى وتارەکەیدا بەناوى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەبەڕێوەچوونى چوارەمین کۆنفرانس کە تایبەتە بە دوو بوارى زۆر گرنگ لە بوارى یاسا و پەیوەندییە نێوەدەوڵەتیەکانە و، لەلایەن دوو زانکۆى ڕەسەن، زانکۆى جیهان-هەولێر و بەهاوبەشى زانکۆى جدارا لە ئوردون بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە سەرۆکى هەردوو زانکۆکە کرد بۆ ئەو برایەتى و هاوکارى و هاوبەشە زانستیە لە نێوانیان دروستیان کردوە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىبە ئاوەڕدانەوە لە مێژوو باسى لە ڕۆڵى یاسا لە سەقامگیرى کۆمەڵگەکان و ڕێکخستنى ژیانى کۆمەڵگەکان و پەیوەندى مرۆیی ماف و ئەرکەکان بە پێی جیاوازی کۆمەڵگەکان کرد. هەر لە میانەى وتارەکەیدا باسى لە ڕۆڵى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاکسازیکردنى لە پڕۆگرامەکانى خوێندن بەتایبەت لە کۆلێژەکانی یاسا و زانستە سیاسییەکان لەسەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان، کە بەهۆیەوە گرنگیەکى زۆر بە کوالیتی خوێندن دراوە، لەگەڵ بەستنەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار، کە بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆنفرانس و کۆڕ و وۆرک شۆپ و… هتد بەڕێوەچوو.
لە بەشى کۆتایی وتارەکەیدا هیواى سەرکەوتنى بۆ کارنامەى کۆنفرانسە هاوبەشەکە خواست و هواى خواست، بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆنفرانس ببنە هۆکارێک بۆ خزمەتکردن بە کایەى گشتى و بەهێزکردنى پایەکى حکومڕانى و جێگیربونى زیاتر بنەما یاساییەکان لە دامەزراوە جیاکان.
دواتریش دکتۆر نەوزاد باجر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى خوێندەوە، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبووان، هیواى خواست بەشێوەیەکى پراکتێکى بایەخ بەو زانست و زانیاریانە بدرێ، کە لەمیانەى توێژینەوەکان بەدەست دێن، هەروەک پشتیوانى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهانى بۆ ڕیکخستن و بەڕێوەبردنى ئەو کۆنفرانسانە دوپاتکردەوە.
دواى ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکە، بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستپێکرد. بۆ ئەو کۆنفرانسە زانستیە (٦٠) توێژینەوەى زانستى لەلایەن توێژەران و پسپۆڕان و مامۆستایانى زانکۆ لە بوارە جیاکانى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشکەش کرا، بەڵام (٥١) توێژینەوەى پەسندکران و (٩) توێژینەوەیان، هەندێکیان بەهۆى ئەوەى لەگەڵ ناونیشانى بابەتەکانى کۆنفرانسەکە نەدەگونجا و، بەشێکیشیان بەهۆى ئەوەى مەرجە زانستیەکانى تێدا نەبوو؛ ڕەتکرانەوە، واش بڕیارە توێژینەوە پەسندکراوەکان لە لە ڕێگەى (٤) پانێڵى جیاوە بخرێنەڕوو، لەسەر ئاستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق توێژەران بە (٣٩) توێژینەوە بەشداریان کردووە، لەهەمانکاتدا (١٢) توێژینەوەى توێژەران لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان بەتایبەت لە زانکۆکانی (ئوردون، لوبنان، سەڵتەنەى عومان، لیبیا، میسر، تورکیا) دەخرێنەڕوو، سەربارى ئەوەش کۆنفرانسەکە، لەلایەن (٤) پێنچ قسەکەر (Keynote speakers) بەڕێوەدەچێ.