لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى بەڕێوەدەچێ
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى هاوبەشیان لە بوارى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى بەڕێوەدەبەن.
لەو کۆنفرانسەدا، کە وا بڕیارە لە ڕۆژانى (٢١-٢٢/١٢/٢٠٢٢)، لە هۆڵى کۆنفرانسى زانکۆى جیهان-هەولێر دەست بەکارەکانى بکات، چەندین توێژینەوەى ئاست بەرز لەلایەن توێژەران و مامۆستایان و شارەزایان لە سەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى پێشکەوتوو دەخرێتەڕوو، هاوکات لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراقیش، ژمارەیەک توێژینەوەى ئاست بەرز لە بوارەکانى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى پێشکەش دەکرێ، کە لەماوەى ڕابردوو لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکان پێشکەشى لێژنەى هاوبەشى ئامادەکارى کۆنفرانس کراون و هەڵسەنگاندنى زانستیان بۆ کراوە.
وەک لە بەرنامەى کاردا هاتووە لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسدا، وتارى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر و سەرۆکایەتى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط و لێژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس پێشکەش دەکرێ، پاشانیش لە ڕێگەى چەند پانێڵێکى جیاواز توێژینەوەکان لەلایەن توێژەران پێشکەش دەکرێن، کە تایبەتن بە بوارەکانى (دروستکردنى باڵەخانە و دۆستی ژینگە، پلاندانانی شار بۆ شارەکان، کەرەستەی بیناسازی، ئەندازیاری ڕێگاوبان، ئەندازیاری پێکهاتەیی و سیستەمی ڕووپێوی و زانیاری جوگرافی (GIS)..هتد) دواى پێشکەشکردنی توێژینەوەکان، مامۆستایان و شارەزایانى بوارەکە کە بەشدارى پانێڵە جیاکانى کۆنفرانسەکە دەکەن گفتوگۆ لەبارەى ناوەڕۆک و دەرئەنجامەکانى توێژینەوەکان دەکەن، چاوەڕێ دەکرێ لە توێژینەوەکاندا باس لەو پێشکەوتون و پەرەسەندنە نوێیانە بکرێ، کە لە بوارى ئەندازیارى شارستانى و تەلاسازى بەدیهاتوون. لە ئێستادا لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێوشوێنەکانى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکە، تەواو بون و، ئامادەکارى دەکرێ بۆ ڕۆژانى دەستپێکردنى کۆنفرانس.
لەپێناو ئاڵوگۆڕکردنى بوارى زانستى و بەدیهێنانى هەماهەنگى و پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئەکادیمیەکانى نێوانیان، لە (١٠/٣/٢٠٢٢) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لەگەڵ (پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى) سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فۆراتى أوسط ئیمزا کرد، بەڕێوەچوونى ئەم کۆنفرانسەش وەک بەشێک لە نەخشەڕێى جێبەجێکردنى ئەو کۆنفرانسە دێ، کە لە ڕێککەوتنامەکەدا جەختى لەسەر کراوەتەوە.