مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وڵاتی چین بەشداری لە زنجیرەیەک چالاکیى زانستى و تەندروستی مەیدانى دەکات
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date حوزهیران 29, 2026
لە درێژەى سەردانەکەیدا بۆ کۆمارى میللى چین و، لەبەر ڕۆشنایی پڕۆگرامی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی بۆ “بونیادنانی تواناکانی خزمەتگوزاریی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو” ، مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد مامۆستا لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٤/٦ ٢٠٢٦)، بەشداری لە زنجیرەیەک چالاکى زانستیی پسپۆڕی کرد.
لەو چارچێوەیەدا و، لە شاری تشنغدو (Chengdu)ژانگ گو (Mr. Zhang Guo)، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەی گەلی ناوچەی جینیۆ لە تشنغدو (Chengdu Jinniu District People’s Hospital) ، لە هۆڵی کۆنفرانسی نەخۆشخانەی گەلی هەرێمی سیچوان بە ناونیشانی “هاوتای پێداویستییە نیشتمانییەکان و خواستی گشتی – ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەسەر مۆدێلی جینیۆ بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەری پلەبەندی” بابەتێکى زانستى ئەزمونى پێشکەش کرد.
پەرەسەندنی مێژوویی و توانای کارکردنی نەخۆشخانەی جینیۆ
لە تەوەرەی یەکەمی بابەتەکەیدا، ژانگ گو (Mr. Zhang Guo) تیشکی خستە سەر مێژوو و قۆناغەکانی گەشەپێدانی نەخۆشخانەی گەلی ناوچەی جینیۆ (Jinniu District People’s Hospital)، بۆ ئەوەش ڕوونی کردەوە کە کەمپەسی نوێی نەخۆشخانەکە لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە و ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٥٠ هەزار مەتر دووجایە و ٩٠٠ پسپۆڕ و کارمەندی پزیشکی تێدا کار دەکەن. ئەم ناوەندە ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا دەگێڕێت، بە جۆرێک تەنها بەشی فریاکەوتنەکەی ساڵانە پێشوازی لە ٦٥٠ هەزار نەخۆش دەکات، کە ئەمەش نیشانەی ئاستی بەرزی توانای کارگێڕی و پزیشکیی دامەزراوەکەیە.
ڕەفتاری تەندروستیی هاوڵاتیان و کاراکردنی سیستمی “گواستنەوەی نەخۆش“
تەوەرێکی دیکەی بابەتەکەى تایبەت بوو بە شیکردنەوەی ڕەفتاری هاوڵاتیانی چین لە گەڕان بەدوای چارەسەردا. لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژە بەوە دا، کە زۆربەی نەخۆشەکان لە ڕووی نەریتەوە حەز دەکەن ڕاستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە گەورەکان (Tertiary Hospitals) بکەن، لە کاتێکدا بنکە تەندروستییە سەرەتاییەکان زیاتر بۆ نەخۆشییە سادەکان بەکاردێن. لەم سۆنگەیەوە، جەخت لەسەر یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی چاکسازیی تەندروستیی چین کرایەوە، ئەویش پەرەپێدانی سیستمێکی کارای “گواستنەوەی نەخۆش” (Referral System)ـە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ناوەندە جیاوازەکاندا.
بەرەنگاربوونەوەی تەحەددییەکان و گۆڕانکارییە ستراتیژییەکان
هەر لە بابەتەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگییە گەورانەی ڕووبەڕووی نەخۆشخانە حکومییەکان دەبنەوە، لەوانە سنوورداریی سەرچاوە داراییەکان، کەمیی کادری پزیشکیی خاوەن بڕوانامەی باڵا و، کەلێنە تەکنەلۆژییەکان. سەرەڕای ئەم کۆسپانە، نەخۆشخانەی گەلی ناوچەی جینیۆ توانیویەتی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بەردەوام لە کوالێتیی خزمەتگوزاری و داهێنانی پزیشکی، خۆی بگۆڕێت بۆ یەکێک لە نەخۆشخانە پێشەنگەکانی سەر ئاستی نیشتمانی لە وڵاتی چین.
سەرکەوتنی ئاماری و گەشەی “پزیشکی لە دوورەوە“
هاوکات ژانگ گو (Mr. Zhang Guo) کۆمەڵێک بەڵگەی ئاماریی خستە ڕوو کە سەرکەوتنی مۆدێلی “جینیۆ” دەسەلمێنن. ژمارەی ئەو نەخۆشانەی لە ڕێگەی تۆڕی گواستنەوەی پلەبەندییەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، لە ٢٣٨ حاڵەتەوە لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ١,٦٢٢ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٥ زیادی کردووە. هەروەها ئاماژە بە گەشەیەکی خێرا درا لە بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی “پزیشکی لە دوورەوە” (Telemedicine) کرد، کە تێیدا ژمارەی ئەو نەخۆشانەی ڕاوێژی پزیشکیی ئۆنلاین وەردەگرن ڕۆژانە لە زیادبووندایە.
سەقامگیریی دارایی و ستراتیژیی کارکردنی بەردەوام
لە تەوەرێکی دیکەى گرنگی بابەتەکەیدا، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەی گەلی ناوچەی جینیۆ لە تشنغدو باسى لە دابینکردنی بودجەی نەخۆشخانە حکومییەکان کرد و، ئاشکرا کرد کە داهاتی ساڵانەی نەخۆشخانەکە گەیشتووەتە ٤٩٠ ملیۆن یوان (RMB)، لە کاتێکدا بودجەی تەرخانکراوی حکومی تەنها ١٠٪ی پێداویستییە داراییەکان پێکدەهێنێت. ئەمەش وای کردووە نەخۆشخانەکە ستراتیژیی کارکردنی بەردەوام (Sustainable Operational Strategies) پەیڕەو بکات تاوەکو بتوانێت پەرە بە تەکنەلۆژیای پزیشکی بدات و وەڵامدەرەوەی داواکاریی خەڵک بێت.
بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانی بۆ نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییە یەکخراوەکان
پاش ئامادەبوون لە چالاکیە زانستیەکە، ئینجا مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى مەیدانى نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییە یەکخراوەکانى بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەدا و، لە وێستگەی یەکەمی گەشتەکەدا، هاوڕێ لەگەڵ بەشداربوانى خولەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد سەردانی نەخۆشخانەی گەلی ناوچەی جینیۆ لە تشنغدو (Chengdu Jinniu District People’s Hospital)یان کرد و لە لایەن چیان ژیرو (Mr. Qian Zhiru)، بەڕێوەبەری بەشی پەرەپێدانی کار پێشوازییان لێکرا. لەم بەسەرکردنەوەیەدا، بەشداربووان ئاشنای پڕۆسەی کارکردنی “سیستمی هاوپەیمانیی پزیشکی” (Medical Alliance System) بوون، کە یەکێکە لە چاکسازییە سەرەکییەکانی چین بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان نەخۆشخانەکان و سەنتەرە تەندروستییەکانی ناو کۆمەڵگە. شاندەکە لە نێزیکەوە ڕێکارەکانی وەرگرتن و تۆمارکردنی دیجیتاڵیی نەخۆش و “سیستمی گواستنەوەی دوولایەنە” (Two-way referral system)یان بینی، کە ڕێگە دەدات نەخۆش بە شێوەیەکی کاریگەر لە نێوان بنکە سەرەتاییەکان و نەخۆشخانە پسپۆڕییەکاندا بگوازرێتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر یان بۆ تەواوکردنی قۆناغی ڕاهێنانەوە.
بەسەرکردنەوەی سەنتەری خزمەتگوزاریی تەندروستیی کۆمەڵگەی سیهوا
وێستگەی دووەمی پڕۆگرامەکە بریتی بوو لە سەردانێکی مەیدانی بۆ سەنتەری خزمەتگوزاریی تەندروستیی کۆمەڵگەی سیهوا لە ناوچەی جینیۆ (Chengdu Jinniu District Xihua Community Health Service Center)، کە تێیدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی جەوهەریی چاودێریی تەندروستی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە لە ناو سیستمی پزیشکیی پلەبەندی لە چین. شاندەکە بەشە جیاوازەکانی سەنتەرەکەیان بەسەرکردەوە، لەوانە بەشی منداڵان و خزمەتگوزارییە ڕۆتینییەکان، یەکەی کوتان وەک بەشێک لە ستراتیژیی خۆپارێزی، یەکەی چارەسەری سروشتی بۆ ڕاهێنانەوەی جەستەیی و، بەشی دەروونناسی بۆ هەڵسەنگاندن و ڕاوێژکاریی دەروونی. ئەم بەسەرکردنەوەیە وێنەیەکی ڕوونی بەخشییە بەشداربووان دەربارەی چۆنییەتی ڕێکخستن و گەیاندنی خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتگیرەکان لە ئاستی بنەڕەتیدا.
ئەم چالاکییە زانستییە نێودەوڵەتییە، دەرفەتێکی گرنگى بە مامۆستای زانکۆی جیهان-هەولێر بەخشى و، بەهۆیەوە توانى لە نزیکەوە ئاشنای ئەزموونی دەوڵەمەندی وڵاتی چین بێت لە بوارەکانی چاکسازیی سیستمی تەندروستی، بەڕێوەبردنی نەخۆشخانە، سیستمی گواستنەوەی یەکخراو و، تەکنەلۆژیای تەندروستیی دیجیتاڵ.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد، جەختی کردەوە کە ئەم سەردانانە ئەزموونێکی پیشەیی زۆر بەنرخیان پێ بەخشیوە لەرێگەی بینینی مۆدێلە سەرکەوتووەکانی پێکەوەبەستنی کەرتی تەندروستی، کە ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر دەوڵەمەندکردنی چالاکییە ئەکادیمییەکان و پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییەکانی داهاتوو بۆ باشترکردنی سیستمی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی. پڕۆگرامى ئەو ڕۆژەى بەشداربوان لە چین بە ئاڵوگۆڕی بیروڕا و گفتوگۆی زانستی لە نێوان پسپۆڕانی وڵاتانی جیاواز کۆتایی هات.



