مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وڵاتی چین بەشداری لە پڕۆگرامێکی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی چاودێریی تەندروستی دەکات
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date حوزهیران 23, 2026
لە چوارچێوەی گەشەپێدانی توانای ئەکادیمی و ئاشنابوون بە سیستمە تەندروستییە جیهانییەکان، مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە پڕۆگرامێکی ڕاهێنانی نێودەوڵەتیدا کرد.
ئەم پڕۆگرامە بە ناونیشانی “بونیادنانی تواناکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو” لە شاری (تشنغدو)ی وڵاتی چین لە نێوان ڕێکەوتی ١٧ی حوزەیران تا ٧ی تەمموزی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، تەوەرە سەرەکییەکانی پڕۆگرامەکە کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ تایبەت بوو بە “سیستمی دڵنیایی تەندروستی لە چین و میکانیزمەکانی پاڵپشتی گشتی”، کە لە لایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر (وانگ کای) جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی توێژینەوەی دڵنیایی پزیشکی لە سیچوان پێشکەش کرا. لەم دانیشتنەدا شیکردنەوەی ورد بۆ جۆرەکانی دڵنیایی تەندروستی بۆ فەرمانبەران و دانیشتووانی شار و گوندەکان کرا، هەروەها باس لە میکانیزمەکانی دابینکردنی بودجەی تەندروستی کرا کە لە ڕێگەی هاوبەشی نێوان خاوەنکار، فەرمانبەر و سندوقەکانی پاڵپشتی حکومەتەوە فەراهەم دەکرێت. جەختیش لەسەر بەکارهێنانی مۆدێلە مۆدێرنەکانی وەکو (DRG) و (DIP) کرایەوە بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و کۆنتڕۆڵکردنی تێچووەکانی کەرتی تەندروستی.
تەوەرەی دووەمی ڕاهێنانەکە بە ناونیشانی “بەهێزکردنی دیجیتاڵی و زیرەکی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی” لە لایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر (شین مینگهوی) جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاریی تەندروستی لە سیچوان پێشکەش کرا. بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی چوار دەیەی ڕابردووی سیستمی زانیاریی تەندروستی و تۆمارە دیجیتاڵییەکان لە وڵاتی چین (١٩٧٨-٢٠١٨) و ئاماژەی بە پلانی ستراتیژیی ٢٠٣٠ کرد بۆ فراوانکردنی ژێرخانی تەندروستیی دیجیتاڵی. لەم بەشەدا باس لە ڕۆڵی گەشەسەندووی ژیریی دەستکرد (AI) کرا لە پاڵپشتیکردنی بڕیارە کلینیکییەکان، دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و، بەڕێوەبردنی دەرمانەکان. هەروەها تیشک خرایە سەر بەکارهێنانی پلاتفۆرمە زیرەکەکانی وەک (DeepSeek) بۆ دابینکردنی ڕێنمایی تەندروستی، خۆراکی و پلانی وەرزشی بۆ هاوڵاتیان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە.
لە کۆتایی دانیشتنەکاندا، مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە زانستییەکانی، میدالیای زانکۆی جیهان-هەولێری بەخشییە پڕۆفیسۆر دکتۆر شین مینگهوی. ئەم سەردانە وێڕای لایەنە فێربوونییەکەی، بووە دەرفەتێکی گرنگ بۆ تاوتوێکردنی ئاسۆی هەماهەنگیی زانستی و ئەکادیمی لە نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و ناوەندی زانیاریی تەندروستی لە سیچوان، بە مەبەستی گۆڕینەوەی مەعریفە و پەرەپێدانی بواری زانیاریی تەندروستی و پەروەردەی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان.



