نوێنەرى زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە خولێکى ڕاهێنانی چڕ لە شاری هانگژۆی چین دەکات
لە بەردەوامى سەردانەکەیدا بۆ کۆمارى میللى چین، دکتۆر حەسەن فەهمى دەلۆیی بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە و نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە خولێکى ڕاهێنانی چڕ بەناونیشانی “ئابووری کراوە بۆ وڵاتانی عەرەبی “阿拉伯国家的开放经济”ى کرد.
لە ڕۆژانى (٧ – ٢٧/٩/٢٠٢٣) لە شارى هانگژۆ لە چین، وەزارەتی بازرگانی و سەنتەری پەرەپێدانى بازرگانی ئازادی ژێجیانگى حکومەتى کۆمارى میللى چین خولەکە ڕێکخرا و پاڵپشتی کرا، لە ڕۆژانى خولەکەدا باس لەوە کرا، کە ئابووری کراوەی چین بەهۆی بازاڕی بەکاربەری بەرفراوان و هێزی کاری کەم تێچووی چین و باشتربوونی ژینگەی بازرگانییەوە، بۆتە هۆى ئەوەى کۆمپانیا بیانییەکان ئامادەیییەکی بەهێزیان لە چین هەبێ، جگە لەوەش بەشدارییان لە گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و گەشەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کاردا کردووە. ئەوەش ڕونکرایەوە “دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگە”ی چین (BRI) کاریگەری ئابووری لە دەرەوەی سنوورەکانی درێژکردووەتەوە و، پەرەی بە پەرەپێدانی ژێرخانی و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی سەرتاسەری ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپادا داوە.
بەشێکى دیکەى ڕۆژانى خولەکە تەرخان کرا بۆ، بازرگانی ئەلیکترۆنی، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بازرگانی نێودەوڵەتی و گەشەی ئابووری هەیە، ئەوەش ڕونکرایەوە، کە پێویستە حکومەت زیاتر پشتگیری لە پەرەپێدانی بازرگانی ئەلیکترۆنی بکات لە ڕێگەی باشکردنی پرۆسەی گومرگی، چاودێریکردنی دەزگاکانی پارەدان، فراوانکردنی بەندەرەکان و، دامەزراندنی ناوچەی بازرگانی ئازاد.
لە ڕۆژانى بەڕێوەچونى خولەکەدا، دکتۆر حەسەن فەهمی دەلۆیی نوێنەرى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریەکى کاریگەرى لە ڕۆژانى خولەکە و ڕاهێنانە جۆراوجۆرەکان کرد، بەتایبەت ئەوەى پەیوەست بوون بەکاریگەرى تەکنەلۆجیا و بازرگانى ئەلیکترۆنى.