پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر؛ هەڵسەنگاندن بۆ دەستکەوتە ئەکادیمییەکان دەکات، نەخشەڕێی پەرەپێدانی ستراتیژی زانکۆ دیارى دەکات
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تەممووز 2, 2026
بەبۆنەى کۆتاییهاتنی ساڵی خوێندنی ئەکادیمی (٢٠٢٥-٢٠٢٦)، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ی تەممووزی ٢٠٢٦، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، مامۆستایان، و ستافی زانستی کۆلێژ و بەشە جیاوازەکان لە هۆڵی (VIP)ی زانکۆدا گرێدا.
ئەم کۆبوونەوەیە کە بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بەڕێوەچوو، تەرخانکرا بۆ پێشکەشکردنی ڕێنمایی و ڕاسپاردە زانستی، ئەکادیمی، و کارگێڕییەکان، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی پلانی ستراتیژی دامەزراوەکە بۆ قۆناغی داهاتوو.
بەو بۆنەیەوە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وتاریەکیدا ستایشی هەوڵە بێوچانەکانی ستافی ئەکادیمی و کارگێڕی کرد لە بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین) لەبەر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخ و ئالەنگارییانەی کە لە کاتى جەنگى ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، کە ڕووبەڕووی کەرتی خوێندنی باڵا بوەوە، بۆ ئەوەش ووتى مایەى خۆشحاڵیە کە زانکۆی جیهان-هەولێری وەک دامەزراوەیەکی پێشەنگ لەم بواردەدا توانى سەرکەوتوانە پرۆسەکە بە ئەنجام بگەێنێ. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ئاماژەى بە کۆرسى هاوینە کرد و وتى: بە پشتبەستن بە داتا و ئامارە دروستەکانی بەردەست، کۆرسی هاوینەی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەسەرکەوتویی جێبەجێ کراوە، ئەم سەرکەوتنەش ڕەنگدانەوەی هاوئاهەنگی نێوان سەرۆک بەشەکان، مامۆستایان و فێرخوازانە وەک کۆڵەکەی سەرەکیی سەرکەوتنە ئەکادیمییەکان.
لە ڕووی پێگەی زانستی و ڕیزبەندیی نیشتمانی و نێودەوڵەتییەوە، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، تیشکی خستە سەر ئەو دەستکەوتە ناوازەیەی کە زانکۆی جیهان-هەولێر لە نوێترین ڕیزبەندى Times Higher Education بۆ ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام دا توانى دەسکەوتى گەورە بەدەست بهێنێ، بە شێوەیەک کە پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و پلەی پێنجەمی لەسەر ئاستی کۆماری عێراق مسۆگەر کردووە. ئەم پێشکەوتنە بەرچاوە لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا، دەرەنجامی کارکردنی سیستماتیک، پەیڕەوکردنی ستانداردە بەرزەکانی دڵنیایی جۆری و، پەرەپێدانی بەردەوامی ژێرخانی زانستی و مارکێتینگی ئەکادیمی دامەزراوەکەیە.
یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، داڕشتنی پلانی ستراتیژی بوو بۆ تێپەڕاندنی پێوەرە نوێ و توندەکانی ڕیزبەندی نێودەوڵەتیی “تایمز هایەر ئێجوکەیشن” (Times Higher Education)، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر جەختی لەسەر پێویستی زیادکردنی ژمارەى توێژینەوە زانستییەکان لە چوارچێوەی پلانێکی پێنج ساڵەدا کردەوە، بە تایبەت کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام پێوەرەکانیان بەرەو قورستر بوون دەبەن، ئەمەش دەخوازێت کە مامۆستایان بە چڕی کار لەسەر بەرهەمهێنان و پێشکەشکردنی توێژینەوەی کوالیتی بەرز بکەن.
لەکۆتاییدا، تەواوی ستافی ئەکادیمی و توێژەرانى ڕاسپارد بە چڕی کار لەسەر بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە ئاستبەرز و خاوەن ئیمپاکت فاکتەرە جیهانییەکان بکەن. ئەم ستراتیژییەتە نەک تەنها وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەرزکردنەوەی ناوبانگ و پێگەی زانستی زانکۆ لەسەر نەخشەی جیهانی سەیر دەکرێت، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆ و ئەرێنی دەبێت لەسەر پەرەپێدانی لێهاتوویی کەسایەتی ئەکادیمی مامۆستایان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی کۆمەڵگە.
کۆبونەوەکە بە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و بڕیارى گرنگى و پرسیار و گفتوگۆى ئامادەبووان کۆتایی هات.



