ئەندامێکى ستافى زانستى بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی بە سەردانێکی زانستی نەخۆشخانەی (HIFU) لە کۆمارى میللى چین بەسەرکردەوە
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئاب 6, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتنی 4/8/2026، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر، مامۆستا لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بە سەردانێکی زانستیی مەیدانی نەخۆشخانەی (HIFU) لە شاری چۆنگچینگ لە کۆمارى میللى چین بەسەرکردەوە.
ئەم چالاکییە مەیدانیە لە چوارچێوەی خولی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی تایبەت بە پشکنین و دەستنیشانکردنی پێشوەختە و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو (Screening, Early Diagnosis, and Treatment of Cervical Cancer for Developing Countries) بەڕێوەچوو.
لە میانەى سەردانەکەدا، مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەشداربووانى خولەکە ڕوونکردنەوەی زانستی و پراکتیکییان لەسەر چۆنییەتی کارکردنی سیستم و شێوازى کارکردن و ئامادەکردنی نەخۆش و داڕشتنی پلانی چارەسەری لە نەخۆشخانەکە وەرگرت. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ستافى نەخۆشخانەکە تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە چۆن تەکنەلۆژیای شەپۆلە دەنگییە چڕەکان (High-Intensity Focused Ultrasound – HIFU)، کە تەکنیکێکی پزیشکیی پێشکەوتووە و بۆ چارەسەرکردنی چەندین جۆری گرێ و نەخۆشییەکانی ژنان بەکاردێت بەبێ پێویستبوون بە دەستێوەردانی نەشتەرگەری، بەتایبەت لە کۆکردنەوەی وزەی شەپۆلەکان لەسەر شانە تووشبووەکان، کە ئەوەش دەبێتە هۆی باشترکردنی ئەنجامەکانی چارەسەری و کەمکردنەوەی ئازار و ئاڵۆزییەکانی نەشتەرگەریی کلاسیکی.
لە لایەکی دیکەوە و، لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا بەشداربووان بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکەیان بەسەر کردەوە و، ئامێرە پزیشکییەکانی تایبەت بەم بوارەیان لە نزیکەوە بینی و چەندین حاڵەتی کلینیکییان شیکردەوە کە بەم شێوازە چارەسەر کرابوون، ئەم سەردانە مەیدانییە دەرفەتێکی گرنگی بۆ مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕەخساند بۆ ئاشنابوون بە نوێترین پەرەسەندنە پزیشکییەکانی کۆمارى میللى چین و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزاییە زانستییەکان.
لە کۆتاییدا، بەشداربووان گفتوگۆیەکی کراوەیان لەگەڵ پسپۆڕانی نەخۆشخانەکە ئەنجام دا و، تێیدا چەندین پێشنیاز بۆ سوودوەرگرتن لەم تەکنەلۆژیا نوێیانە لە کەرتی تەندروستیدا خستە ڕو.



