بەشی ڕاگەیاندن چالاكییەك دەربارەی ئاڵنگارییەكانی بەردەم بێژەر و پێشكەشكاری تەلەفزیۆنیی ڕێكدەخات
ڕۆژی سێشەممە ڕێككەوتی 6-10-2026، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سیمینارێكی زانستیی بەناونیشانی (ئاڵنگارییەكانی بەردەم بێژەر و پێشكەشكاری تەلەفزیۆنیی لە میدیای هاوچەرخدا) لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەبرد.
ناوەڕۆكی سیمینارەكە لەلایەن (زانا كایانی)، بێژەر و پێشكەشكار لە تۆڕی میدیایی ڕووداو پێشكەش كرا و، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشەكە تێیدا ئامادە بوون. لە دەستپێكدا، ناوبراو تیشكی خستە سەر قۆناغەكانی خۆئامادەكردنی پێش چوونە ناو پەخشی ڕاستەوخۆ و سەر شاشە، هاوكات جەختی لەسەر گرنگیی وردبینی لە داڕشتن و خوێندنەوەی پێشوەختەی هەواڵەكان كردەوە بە مەبەستی تێگەیشتنی تەواو لە پێكهاتەی زانیارییەكان و گەیاندنی درووستی پەیام بە وەرگر، دوور لە هەر هەڵەیەكی پیشەیی یان تەکنیکی.
لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا، زانا كایانی بە بایەخەوە باسی لە پێویستیی بەدواداچوونی سات بە ساتی پێشهات و زانیارییەكانی ڕۆژ كرد لەلایەن بێژەر و پێشكەشكارەوە؛ بەجۆرێك كە پێویستە میدیاكار هەمیشە ئاگاداری دوایین گۆڕانكارییە سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان بێت بۆ ئەوەی لە كاتی ڕوودانی هەواڵی بەپەلە و ڕووماڵی كتوپڕدا بەباشی سەرپەرشتیی پەخشەکە بکات. هاوكات جەختی كردەوە كە كاری ڕاگەیاندن پیشەیەكی پیرۆز و چێژبەخشە، بەڵام هاوتەریبیشە لەگەڵ كۆمەڵێك ئاستەنگ و ئاڵنگاریی گەورە، بۆیە بوونی خولیا و حەزێكی پۆڵایین بۆ پیشەكە كلیلی سەرەكیی خۆڕاگری و سەركەوتنی بەردەوامە لەم كایەیەدا. پاشان، دەرگای گفتوگۆ بۆ بەشداربووان كرایەوە؛ تێیدا فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بە پرسیار، سەرنج و تێبینییە وردەكانیان بەشدارییەكی كاریگەرانەیان هەبوو و، لە كەشێكی كراوەی زانستییدا دید و ئەزموونە پیشەییەكان ئاڵوگۆڕ كران.
لەكۆتاییدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەرپەرشتیاری چالاكییەكە، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی (زانا كایانی) كرا لە بەرامبەر پێشكەشكردنی ئەم بابەتە گرنگە و، هەردوولا هیوایان خواست ئەم چالاكییە ببێتە هەوێنی كاری هاوبەش و هەنگاوی گەورەتر لە داهاتوودا لە نێوان زانكۆ و دامەزراوە میدیاییەكاندا.
