مامۆستایەکى زانکۆی جیهان-هەولێر پەرەپێدانی چاودێریی منداڵان و پزیشکیی نەریتی لە نەخۆشخانەکانی چین بەسەردەکاتەوە
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date تەممووز 2, 2026
لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ڕاهێنانی بەردەوام لە کۆماری گەلی چین، مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد)، مامۆستا لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەشداریی لە سەردانێکی مەیدانیی زانستیدا کرد بۆ یەکەمین نەخۆشخانەی گەلی (نێیجیانگ – Neijiang)، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە “ناوەندی گەشەپێدانی پێشوەختەی منداڵان” و ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەوتووانەی لە بواری پزیشکیی منداڵاندا پێشکەش دەکرێن.
شاندە ئەکادیمییەکە لە لایەن کارگێڕیی نەخۆشخانەکەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا؛ لەم چوارچێوەیەدا (لیو لی)، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری گشتی، کورتە باسێکى دەربارەی مێژووی نەخۆشخانەکە، قۆناغەکانی گەشەکردن و، دیارترین دەستکەوتەکانی لە بواری چاودێریی تەندروستیدا پێشکەش کرد. لە میانەی بەسەرکردنەوەکەدا، بەشداربووان لە نزیکەوە ئاشنای میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندنی گشتگیر و پڕۆگرامەکانی ڕاهێنانەوەی ئەو منداڵانە بوون کە بەدەست تێکچوونی گەشە و کەمئەندامیی ژیرییەوە دەناڵێنن.
پشکنینە پسپۆڕییەکان و چاودێریی چڕ
هاوكات شاندەکە سەردانی چەندین یەکەی پشکنینی پسپۆڕیی جیاوازیان کرد، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە: پشکنینی کلینیکیی بینین (البصر)، پشکنینی ئۆدیۆلۆجیی بیستن (السمع) و، پشکنینی دیاریکردنی چڕیی ئێسک (كثافة العظام)، لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسی فەرمانگەکە ڕوونکردنەوەی دا کە ئەو منداڵانەی پێویستیان بە خزمەتگوزاریی چارەسەری یان ڕاهێنانەوە هەیە، چاودێرییەکی تەندروستیی یەکگرتوو و پاڵپشتییەکی گشتگیر وەردەگرن کە تەواو هاوتەریبە لەگەڵ پێویستییەکانی هەر حاڵەتێک بە جیا. سەردانەکە بە بەسەرکردنەوەی یەکەی چاودێریی چڕ (ICU) کۆتایی هات، کە تێیدا ئامادەبووان لە نزیکەوە ئاشنای تەکنەلۆجیا پزیشکییە پێشکەوتووەکان و سیستمە هاوچەرخەکانی چاودێریکردنی نەخۆش بوون.
چاودێریی سەرەتایی و پزیشکیی نەریتیی چینی (TCM)
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەى هەمان ڕۆژدا، شاندەکە سەردانی ناوەندی تەندروستیی ناوەندیی (بیمۆ – Bimo)ی کرد لە شارۆچکەی بیمۆ سەر بە ناوچەی (دۆنگشینگ – Dongxing) لە شاری نێیجیانگ؛ ئەمەش بۆئاشنابوون بە میکانیزمەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لەسەر ئاستی شارۆچکەکان و، بەراوردکردنیان بەو نەخۆشخانانەی لەسەر ئاستی پارێزگاکان کە پێشتر لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکەدا بەسەرکرابوونەوە.
لەوێدا، لە لایەن دکتۆرە (لی یان)، جێگری سەرۆکی ناوەندی تەندروستی پێشوازی لە شاندەکە کرا، و ناوبراو ڕاپۆرتێکی گشتگیری دەربارەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی ناوەندەکە، خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێشکەشکراوەکان و ڕۆڵی دامەزراوەکە لە ناو سیستمی چاودێریی تەندروستیی هەرێمەکەدا خستەڕوو. هەروەها بەشداربووان بەسەر یەکەی پزیشکیی نەریتیی چینیدا گەڕان و لە نزیکەوە خزمەتگوزارییەکانی دەرزیئاژنین (Acupuncture) و پڕۆسەی هاوئاهەنگکردنی پزیشکیی نەریتییان لە چاودێریی تەندروستیی ڕۆژانەی نەخۆشەکاندا بەسەرکردەوە. دکتۆرە لی ئاماژەی بەوە دا کە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە شێوازە کلینیکییە هاوچەرخەکان و شێوازە نەریتییەکان ئەنجام دەدرێت، وەک بەکارهێنانی ڕووەکە دەرمانییە جۆراوجۆرەکان و چای چارەسەریی وەرگیراو لە سروشت، کە تا ئێستاش لە لایەن شریتیەکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی چینییەوە پەسەندکراون.
سەردانەکە پشکنینی یەکەی چارەسەری سروشتی و ڕاهێنانەوەشی گرتەوە، کە تێیدا ئامادەبووان ئاشنای ئەو ئامێرە هاوچەرخانە بوون کە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان، گەڕاندنەوەی فەرمانە جوڵەییەکان (Motor Functions) و باشترکردنی کوالێتیی ژیانی نەخۆشەکان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەکاردێن.



