دووەمین گروپى فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر؛ بە سەرکەوتوویی خولێکی نێودەوڵەتییان لە کۆماری چیک تەواو کرد و بڕوانامەیان پێ بەخشرا
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ, بەشی پەرستاری تەندروستی كۆمەڵ, بەشی تـەکـنـیـکـی سـڕکــردن
- Date تەممووز 1, 2026
دووەمین گرووپی لە فێرخوازان و دەرچووانی زانکۆی جیهان-هەولێر دواى هەفتەیەک مانەوە، توانیان خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوو لە وڵاتی کۆماری چیک بە سەرکەوتوویی تەواو بکەن و بڕوانامەی بەشداریکردنیان وەرگرت.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ماوەی مانەوەیان لە ناو کەمپەسی زانکۆی پالاجکی، ، فێرخوازان زنجیرەیەک چالاکیی زانستی و مەیدانیی هەمەجۆریان ئەنجامدا و؛ بەشدارییان لە خولێکی ڕاهێنانی پسپۆڕیدا کرد کە تیشکی خستە سەر بنەماکانی “تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (Health, Safety and Environment – HSE)”، سەردانی “پەیمانگەی پزیشکیی گەردیلەیی و وەرگێڕان” لە کۆلێژی پزیشکی کرد و، لە نزیکەوە ئاشنای نوێترین تەکنیکەکانی توێژینەوەی تاقیگەیی و شێوازی کارکردنی ئامێرە پێشکەوتووەکان لە ئەوروپا بوون، جگە لە وانەش فێرخوازان ڕاهێنانیان لەسەر نوێترین ستانداردە جیهانییەکانی پاراستنی سەلامەتی لە ژینگەی کار و تاقیگە زانستییەکاندا وەرگرت بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پێداویستییە تەندروستی و ژینگەییەکان، ئەمەش ئاستی شارەزایی ئەوانی بۆ بازاڕی کاری داهاتوو بەرزتر کردەوە.
هاوکات فێرخوازان لە پەراوێزى بەشداریکردن لە خولەکەدا، ناوچە مێژووییەکانی شاری ئۆلۆموس و کاتێدراڵی “سانت ڤینیسلاس”یان بەسەرکردەوە، جگە لە ئەنجامدانی گەشتێکی زانستی بۆ شاری ڤیەننای پایتەختی وڵاتی نەمسا بە مەبەستی بینینی مۆزەخانە و میراتە شارستانییەکان. فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە چالاکییەکی کەلتووریی دۆستانەدا لەگەڵ فێرخوازانی کوردی نیشتەجێی چیک کۆبوونەوە و بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان، وەک باڵیۆزی زانستی و کەلتووری ڕۆحی نیشتمانپەروەرییان لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهاندا نیشان دا.
لە کۆتا ڕۆژى خولەکەشیاندا، لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئۆندریج بابیک سەرۆکى بەشى ئەندازیارى نەوت بە نوێنەرایەتى زانکۆی پالاجکی (Palacký University Olomouc) بڕوانامەى بەشداریکردنى خولەکە بەسەر فێرخوازانى بەشداربوو بەخشرا، بۆ ئەوەش سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە ناوازەیەی فێربوون لە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا.
ئەم گەشتە زانستییەى فێرخوازان لەبەر ڕۆشنایی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەکادیمی (MOU) نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی پالاجکی (Palacký University Olomouc) ئەنجامدرا، کە یەکێکە لە ناوەندە دێرین و باوەڕپێکراوەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی ئەوروپا. شاندی بەشداربوو پێکهاتبوون (مینا حوسێن کەریم) فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ، (کامگار سەرهەنگ مستەفا) و (ئیسماعیل قادر عەزەت) فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی تەکنیکی سڕکردن، لەگەڵ (هەردی عوبەید ڕەفیق) دەرچووی بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ.



