زانکۆی جیهان-هەولێر دووەم خولی ڕاهێنان بۆ بەڕێوەبەرانی لقەکانى کۆمپانیای “ئەلیسرا” بە شێوازی “ئۆنلاین” دەستپێکرد
- Categories بەشی راگەیاندن, بەشی كارگێڕی كار
- Date تەممووز 6, 2026
لە چوارچێوەی هەماهەنگیی بەردەوام و هاوبەشیی ستراتیژی نێوان کەرتی ئەکادیمی و کەرتی تایبەت، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی تەممووزی ٢٠٢٦، دووەم خولی ڕاهێنانی تایبەت بە بەڕێوەبەرانی لقەکانی کۆمپانیای “ئەلیسرا بۆ بازرگانی گشتی و خۆراک” دەستیپێکرد.
ئەم خولە لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێر و سەرۆکایەتى بەشەکانی (ڕاگەیاندن) و (کارگێڕی کار) ڕێکخراوە، لە ڕۆژی یەکەمی خولەکە، کە لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەزوەر مەهدی قاسم ئاغا) پێشکەش کرا، تێیدا تیشکى خستە سەر “سەرکردایەتیکردن و کارامەییەکانی کاریگەری لە بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی لقەکاندا”. لەم چوارچێوەیەدا، باسى لە ستانداردەکانی وتار و پەیوەندیی کاریگەر لەگەڵ کارمەندانی هێڵی پێشەوە بە مەبەستی یەکخستنی دیدگا و کەمکردنەوەی کەلێنەکانی کاری مەیدانی کرد. هاوکات باسى لە تێگەیشتن لە پاڵنەر و ڕەفتارە جیاوازەکانی کارمەندان لەژێر فشاری بەردەوامدا و چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی بێئومێدییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان کرد.
لە تەوەرێکى دیکەى بابەتەکاندا، مامۆستای یاریدەدەر (ئەزوەر مەهدی قاسم ئاغا) تیشکى خستەر سەر چۆنیەتى چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیسپلین لە لقەکان، کۆگاکان و تۆڕەکانی دابەشکردن، وەک ڕەنگدانەوەی ناوبانگی بازرگانی و وێنەی گشتیی دامەزراوەکە لە بازاڕدا.
ئەم خولە لەبەر ڕۆشنایی زنجیرە پڕۆگرامێکی گشتى دێت، کە لە ١٥ خولی ستراتیژی پێکهاتووە و، ئەوەش لە پێناو پەرەپێدانی تواناى سەرکردایەتی و کارگێڕییەکانی کۆمپانیاکە. چالاکییەکانی ئەم خولە بە شێوازی “ئۆنلاین” و، لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە بەڕێوەدەچێ، کە تێیدا ١٠ بەڕێوەبەری لق و سەرپەرشتیاری مەیدانی کۆمپانیای ئەلیسرا بەشدارییان تێدا کردوە. ئەم دەسپێشخەرییەی زانکۆی جیهان-هەولێر دووپاتکردنەوەی ئەو ڕۆڵە پیشەییەیە، کە زانکۆ دەیبینێت لە گواستنەوەی مەعریفەی ئەکادیمی بۆ ناو کایە پراکتیکییەکانی بازاڕی کار.



