زانکۆی جیهان-هەولێر سپۆنسەر و بەشدارى کارا لە دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی تیشک لە بەغداد دەکات
- Categories بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی
- Date حوزهیران 15, 2026
لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ پاڵپشتیکردنی پەرەپێدانی زانستی و پیشەیی، زانکۆی جیهان-هەولێر وەک سپۆنسەر و بەشداربوویەکی سەرەکی، لە ڕۆژانی ١٢ و ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەشداری کارای لە چالاکییەکانی “دووەمین پیشانگە و کۆنفرانسی عێراقی بۆ تەکنیکەکانی تیشک و وێنەگری پزیشکی مۆدێرن” لە شاری بەغداد کرد.
ئەم کۆنفرانسە کە بە چاودێری سەندیکای خاوەن پیشە تەندروستییەکانی عێراق و بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی تەکنیکی ناوەڕاست ڕێکخرابوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕان، ئەکادیمستەکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی تێیدا ئامادە بوون.
مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکە لە کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری “ئەبرار” لە لایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر (وەزاح عامر حاتەم تەمیمی) سەرۆکی زانکۆی تەکنیکی ناوەڕاست بەڕێوەچوو. بەرنامەی کۆنفرانسەکە زنجیرەیەک وۆرکشۆپ و سیمیناری زانستیی لەخۆگرتبوو کە تیشکیان خستە سەر نوێترین داهێنانە تەکنەلۆژییەکان لە بواری وێنەگری پزیشکی، بەتایبەت پێشکەوتنەکانی پەیوەست بە ئامێرەکانی (CT Scan ، MRI) و سۆنەر.
ئەم چالاکییە پلاتفۆرمێکی گرنگ بوو بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و ئاشناکردنی ئامادەبووان بە ستانداردە جیهانییە نوێیەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشی. بەشداریی زانکۆی جیهان-هەولێر لەم کۆنفرانسە نیشتمانییەدا زۆر بەرچاو بوو، کە تێیدا زیاتر لە ١٠٠ فێرخوازی بەشی “تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی” بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عومەر عادل محەمەد عەلی) سەرۆکی بەش ئامادەی بوون. فێرخوازان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا لە نزیکەوە ئاشنای نوێترین ئامێر و تەکنیکەکان بون و بەشدارییان لە گفتوگۆ زانستییەکاندا کرد. فێرخواز (یوسف یاسین) وەک نوێنەری هاوڕێکانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ئەزموونە یارمەتیدەر بووە بۆ بەستنەوەی زانیارییەکانی ناو پۆل بە جێبەجێکردنە مەیدانییەکان و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ پسپۆڕانی بوارەکە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، (مستەفا زوبەیدی) سەرۆکی لیژنەی ڕێکخەری کۆنفرانس، ستایشی ڕۆڵی کاریگەر و سپۆنسەریی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد لە سەرخستنی ئەم بۆنە زانستییەدا. جەختی لەوەش کردەوە ئامادەبوونی ئەم ژمارە زۆرەی فێرخوازانی زانکۆکە ڕەنگدانەوەی بایەخدانی زانکۆی جیهان-هەولێرە بە خوێندنی پراکتیکی و پێگەیاندنی کادری لێهاتوو، ئەمەش دەبێتە هەوێنێک بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان و ناوەندە پیشەییەکانی کەرتی تەندروستی لە عێراقدا.



