زانکۆی جیهان-هەولێر؛ بەشداری لە وۆرکشۆپی پەرەپێدانی گۆڤارە زانستییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەکات
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date حوزهیران 24, 2026
بە چاودێری و بە ئامادەبوونی دکتۆر (ئارام محەمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وۆرکشۆپێکی نیشتمانی بە ناونیشانی “هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی گۆڤارە زانستییەکان لە هەرێمی کوردستان” بەڕێوەچوو.
ئەم چالاکییە زانستییە ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتی (٢٣/ ٦/ ٢٠٢٦) بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای وەزارەت و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان بۆ کاروباری زانستی ئەنجامدرا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاستی گۆڤارەکان و چۆنییەتی گەیاندنیان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا و بە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، شاندێکی زانستیی زانکۆ بە سەرۆکایەتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (ئەیاد حازم کاکەیی) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و، دکتۆر (ئارام مەسعودی) سەرنووسەری گۆڤارەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان لە وۆرکشۆپەکەدا کرد.
لە میانی وۆرکشۆپەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوە کرد کە شەش گۆڤاری زانستی لە زانکۆکانی کوردستان توانیویانە لە ئیندێکسە نێودەوڵەتییەکاندا تۆمار بکرێن، ئەمەش وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی وەسف کرد و داوای لە زانکۆکان کرد هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی جیهانی چڕتر بکەنەوە. هاوکات دکتۆر (ژاڵە سەعید خەتات) بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان، ڕایگەیاند کە هەڵسەنگاندنی ورد بۆ ٤٦ گۆڤاری زانستی (٢٣ گۆڤاری زانستی و ٢٣ گۆڤاری زانستە مرۆییەکان) لە زانکۆکانی هەرێم ئەنجامدراوە بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان.
وۆرکشۆپەکە بە زنجیرەیەک پانێڵ و گفتوگۆی زانستی کۆتایی هات کە تێیدا نوێنەرانی زانکۆی جیهان-هەولێر سەرنج و پێشنیازەکانی خۆیان دەربارەی میکانیزمەکانی پەرەپێدانی توێژینەوە و بەرزکردنەوەی کوالێتی بڵاوکراوە ئەکادیمییەکان خستە ڕوو.



