شاندێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا، بە ئەندامیەتى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى زانکۆ ئەی جی ئێچ (AGH)یان لە کڕاکۆڤ کرد
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تەممووز 15, 2026
لە درێژەی سەردانە فەرمییەکەیاندا بۆ وڵاتی پۆڵەندا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان سەردانی زانکۆی ئەی جی ئێچ بۆ تەکنەلۆژیا لە کڕاکۆڤ (AGH University of Krakow for Technology) یان کرد.
شاندەکە بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئەمیر چالی، بریکاری وەزارەت و، بە ئەندامییەتی دکتۆر محەمەد کەلاری، سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری، دکتۆر سەباح ئیبراهیم وەیس، ڕاوێژکاری وەزارەت، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، سەرۆکى هەریەک لە زانکۆکانی (سەڵاحەدین، پۆلیتەکنیکی هەولێر، و تیشک) بوو.
بە گەیشتنیان بە گەرمى لەلایەن پڕۆفیسۆر جێرزی لیس (Professor Jerzy Lis)، سەرۆکی زانکۆی AGH پێشوازییان لێکرا، پاشان لە کۆبونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونى پڕۆفیسۆر ڕافایل ویسنیۆوسکی (Professor Rafał Wiśniowski)، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری هەماهەنگی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر یارۆسلاو کۆنیێزنی (Jarosław Konieczny)، ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری میکانیک و ڕۆبۆتیک و، پاوڵ سوێرک (Paweł Świerk)، بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی AGH بەڕێوەچوو گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک خاڵى هاوبەشى نێوانیان کرا.
لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، دکتۆر ئەمیر چالی کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخى خوێندنی باڵا و ژێرخانی زانستیی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد. لە بەرامبەردا، سەرۆکی زانکۆی AGH تیشکی خستە سەر پێگەی زانکۆکەیان وەک یەکێک لە ناوەندە پێشەنگەکانی جیهان لە بواری تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی لە پسپۆڕییەکانی ڕۆبۆتیک، میکانیک و ئەندازیاری.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا سەرۆکى هەریەک لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسیان لە زانکۆکانیان و، ئاستى پەیوەندییەکانی لەگەڵ زانکۆکانی دەرەوە و ستراتیژى کارکردنیان کرد کرد، هاوکات جەختیان لە کاراکردنی هەماهەنگیی هەمەلایەنە و گواستنەوەی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی پۆڵەندا بۆ زانکۆکانی هەرێم کردەوە.
لە تەوەرێکی تایبەتی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەوردى باسى لە ستراتیژى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ دامەزراندنى تاقیگەى پێشکەوتووی ڕۆبۆتیک (Advanced Robotics Labs) کرد، هاوکات باسى لە هەوڵە فراوانکردنى زانکۆ کرد بۆ بەهێزکردنى پردى پەیوەندى زانستى نێودەوڵەتى لەگەڵ زانکۆ ئاستبەرزەکانى جیهان بەگشتى و پۆڵندا بەتایبەت.



