
فێرخوازانى بەشی یاسا چالاکییەکی هۆشیاری سەبارەت بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە قوتابخانەی خەبات پێشکەش دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 23, 2026
بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر سامان حەسەن عەلی، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم و سێیەم لە بەشی یاسای زانکۆی جیهان – هەولێر، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢-١١-٢٠٢٦، سیمینارێکی هۆشیارییان لە قوتابخانەی خەباتی بنەڕەتی کچان سەبارەت بە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٨ رێکخست.
لە سەرەتادا فێرخوازان کە لەلایەن پەروین محەمەد بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، دواتر فێرخوازان دەستیان بە چالاکیەکەیان کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا (فاتیمە ئەبوبەکر) فێرخوازى قۆناغی دووەم، ئامانجەکانی یاساکە و هۆکارەکانی دەرچوونی خستەڕوو بۆ هاوتەریببوون لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و سنووردارکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن لەسەر منداڵان و گەنجان و تاکەکان، هەروەها جەختی لەسەر پارێزبەندیی پەیوەندییە تایبەتەکان بەپێی ماددەی یەکەم و هەوڵی یاساکە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و پاراستنی تایبەتمەندی، سیستمی گشتی و ئادابی گشتی کردەوە.
لای خۆیانەوە، (ئەحمەد مستەفا) فێرخوازى قۆناغی سێیەم و (سارا سەعدی) لە قۆناغی دووەم، ئەو سزا یاساییانەیان ڕوونکردەوە کە یاساکە لە ماددەکانی دووەم و سێیەمدا سەپاندوویەتی بەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێتدا، وەک هەڕەشەکردن، ناوزڕاندن، جنێودان، دزەپێکردنی وێنە یان گفتوگۆکان، پێشێلکردنی نهێنییە تایبەتەکان یان بێزارکردنی بەئەنقەست.
هاوکات (عائیشە ساڵح) فێرخوازى قۆناغی دووەم لە بەشى یاسا، باسی لە ماددەی چوارەم کرد کە هۆکارەکە بە هاوبەش دادەنێت و بە سزای تاوانە ئەنجامدراوەکە سزا دەدرێت ئەگەر لە ئەنجامی کردەوەکەی بەپێی ماددەکانی دووەم و سێیەم تاوانێک ڕوویدا.
لەلایەکى دیکەوە (شاد سلێمان) فێرخوازى قۆناغی دووەم لە میانەى بەشێکى سمینارەکەدا، تیشکی خستە سەر ماددەی حەوتەم، کە ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاساکە و، پەیوەندیی ئەمەی بە پابەندبوونە کردارییەکانی ناو یاساکە ڕوونکردەوە وەک تۆمارکردنی سیمکارت و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، پێشکەشکردنی زانیاری بە دادگای تایبەتمەند لە کاتی پێویستدا و جێبەجێکردنی سزاکان بەسەر سەرپێچیکاراندا.
لە کۆتاییدا، (عومەر دڵسۆز) لە قۆناغی دووەم، قسەی لەسەر ماددەی هەشتەم کرد و میکانیزمەکانی جێبەجێبوونی یاساکەی کرد، ئەوەش لە ڕێگەی پەسەندکردن، دەرچوواندن و بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقائعی کوردستان) بۆ ئەوەی لای هەمووان زانراو بێت و لە ڕێکەوتی جێبەجێبوونییەوە پابەندکەر بێت.
You may also like


